زێدان زۆر حه‌زم ده‌كرد له‌گه‌ڵ ئه‌م یاریزانه‌ی ریال مه‌درید یاریم كردبا

ریال مه‌درید دوای 3 بردنه‌وه‌ی له‌سه‌ریه‌ك له لالیگا سبه‌ی ده‌بێته میوانی ئێیبار، یارییه‌كه‌ش له كاتژمێر 11:00ـی شه‌و ده‌كرێت، زیدان پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌ی رایگه‌یاند هازارد بۆ یاریكردن ئاماده‌یه و ئاشكرایشی كرد ڤینیسیۆس جۆنیۆر نه‌خۆشه و به‌شداری ئه‌م یارییه ناكات، ده‌شڵێت ئاره‌زووی ده‌كرد له‌گه‌ڵ بێنزێما به یه‌كه‌وه یاریان كردبایه.
ریال مه‌درید له چوارده‌مین یاریی خۆی له‌م وه‌رزه‌ی لالیگا ده‌بێته میوانی ئێیبار، له‌و ژماره یارییه هه‌شت بردنه‌وه، دوو یه‌كسان بوون و سێ دۆڕانی تۆمار كردووه و 26 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه.
زینه‌دین زیدان راهێنه‌ری ریال مه‌درید له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی ده‌ڵێت: سه‌رجه‌م یاریزانه‌كان به‌شداریان له مه‌شقه‌كان كرد، ئێمه له‌سه‌ر رێگه‌یه‌كی باشین و هیوادارین له‌سه‌ر ئه‌م ئاراسته‌یه به‌رده‌وام بین، هازارد چاك بووه‌ته‌وه و به‌شداری مه‌شقه‌كانی كردووه، به‌ڵام ڤینیسیۆس جۆنیۆر له‌م یارییه ئاماده نابێت، چونكه تووشی هه‌وكردنی گه‌ده‌ی بووه.
ریال مه‌درید له دوایین سێ یاریی بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێناوه و بۆ گه‌یشتن به لوتكه و ململانێكردنی ئاتلێتیكۆ مه‌درید و ریال سۆسیداد پێویستی به سێ خاڵی ئه‌م یارییه هه‌یه، له وه‌ڵامی پرسیارێكی رۆژنامه‌نووسان، زیدان نایشارێته‌وه كه ئاره‌زووی ده‌كرد له‌گه‌ڵ بێنزێما یاریی بكات.
له‌مباره‌یه‌وه زیزۆ گوتی: بێگومان ئاره‌زووم ده‌كرد له‌گه‌ڵ بێنزێما به یه‌كه‌وه یاریی بكه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌مه روونادات، به‌ڵام ئێستاش دڵخۆشم كه به‌یه‌كه‌وه كار ده‌كه‌ین، پیرۆزبایی رۆژی له‌دایكبوونیشی لێده‌كه‌م، من دڵخۆشم له ریال مه‌درید، تاكو ساڵی2022 گرێبه‌ستم له‌گه‌ڵ ئه‌م یانه‌یه هه‌یه، له كاركردن به‌رده‌وام ده‌بم و به به‌ختم له‌گه‌ڵ باشترین یانه‌ی جیهان كار ده‌كه‌م.
ریال مه‌درید له دوایین حه‌وت یاریی به‌رامبه‌ر ئێیبار شه‌ش بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێناوه و له هه‌ر یارییه‌كیشدا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه دوو گۆڵی تۆمار كردووه، ئێیباریش له كاتێكدا میوانداری ریال مه‌درید ده‌كات له دوایین حه‌وت یاریی له یاریگه‌ی خۆی بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ست نه‌هێناوه و له پێنج یاریشیاندا ته‌نانه‌ت یه‌ك گۆڵیشی تۆمار نه‌كردووه.