بانکی رەشید: فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بەردەوامە

بانکی رەشید رایگەیاند، پرۆسەی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە رێگەی ئەو لقانەی لەناو فڕۆکەخانەکان و لقە دیاریکراوەکانی دیکەوە بەردەوامە، ئەم هەنگاوەش بە مەبەستی ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتیان تا بتوانن دراو بەدەست بهێنن.

بانکی رەشید لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لقی بانکەکەیان لە فڕۆکەخانەکانی (بەغدا، نەجەف و بەسرە) بەردەوامن لە کارکردن و فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بەپێی رێنماییەکانی فرۆشتنی دراو و دابینکردنی پێداویستییە نەختییەکان، ئاماژەی بەوەشدا، لە رۆژانی پشووی فەرمیشدا خزمەتگوزارییەکان بەردەوام دەبن.

لە راگەیەندراوەکەدا بانکی رەشید داوا لە گەشتیاران دەکات سەردانی لقە پەسەندکراوەکانی ناو فڕۆکەخانەکان و لقە تایبەتەکان بکەن بۆ وەرگرتنی دۆلار بە شێوەیەکی راستەوخۆ، راشیگەیاندووە، پرۆسەی فرۆشتنەکە بە نرخی فەرمی دەبێت.

ماوەی چەند رۆژێکە بەهای دۆلار بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەڵام دوێنێ چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2026، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دابەزی، کە 100 دۆلار بەرامبەر 150 هەزار دینار بوو.