فەرمانگەی میدیا و زانیاری: دەبێت بەغدا 384ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بداتە گەلی کوردستان
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتێکی تایبەت و وردی دەربارەی داتا و خەمڵاندنی ئەو زیانانە بڵاوکردەوە کە لە ئەنجامی تاوانەکانی ڕژێمەکانی پێشووی عێراق لە نێوان ساڵانی 1963 - 2003 بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان ئەنجامدراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، قەبارەی ئەو زیانە داراییانەی بەهۆی سیاسەتە چەوسێنەرەکان و تاوانە جۆراوجۆرەکانی ڕژێمی پێشوو بە هەرێمی کوردستان گەیشتوون، بە 384 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
وردەکاریی زیانەکان لە ڕاپۆرتەکەدا بەم شێوەیە پۆلێن کراون:
1- زیانە مرۆییەکان: گەورەترین بەشی زیانەکان پێکدەهێنێت و بە 306ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.
2- زیانە ماددییەکان: بڕی 32.8 ملیار دۆلار زیانی ماددی بە ژێرخان و ماڵ و سامانی هاووڵاتییان کەوتووە.
3- زیانە ژینگەیی و ناڕاستەوخۆکان: بەهۆی تێکدانی ژینگە و لێکەوتە ناڕاستەوخۆکان، بڕی 10 ملیار دۆلار زیان تۆمارکراوە.
4- پشتگوێخستنی بەئەنقەست و دووبارە ئاوەدانکردنەوە: بڕی 35 ملیار دۆلار دیاریکراوە بۆ ئەو ناوچانەی بە ئەنقەست پشتگوێ خراون و پێویستیان بە ئاوەدانکردنەوە هەیە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ڕژێمی پێشووی عێراق زنجیرەیەک تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجامداوە، لەوانە کیمیاباران، ئەنفال و وێرانکردنی هەزاران گوند.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت دەکاتەوە؛ بەگوێرەی دەستووری عێراقی فیدراڵ، حکوومەتی ئێستای عێراق وەک میراتگری ڕژێمەکانی پێشوو، بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و دەستووری لەسەرە و دەبێت قەرەبووی زیانلێکەوتووانی خەڵکی کوردستان بکاتەوە و ئەو بڕە پارەیە وەک مافێکی ڕەوا بۆ گەلی کوردستان بگەڕێنێتەوە.