سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات کۆبووەوە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو کەسێک زیاتر پەرۆشی ئابووری و مووچە و بژێویی خەڵکە و لەگەڵ ئەوەیە نەوت هەناردە بکرێ و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، لە باڵاخانەی پارێزگەی هەولێر ، لەگەڵ (ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات)ی سنووری پارێزگەی هەولێر کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکی و ئامادەکارییەکانی ژوورەکە خستەڕوو کە لە فەرمانگە خزمەتگوازارییەکان و لایەنە ئەمنییەکان پێکهاتووە.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی ژووری ئۆپەراسیۆن و هەموو فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد بۆ ئامادەکارییان و کاری بەردەوامیان لە پێناو جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و یارمەتیدان و پاراستنی ئاسایشی خەڵک و هاووڵاتییانی هەولێر و هەرێمی کوردستان .

سەرۆکی حکوومەت، بەرپرسانیشی راسپارد کە رۆڵی بەرپرسانەی خۆیان بگێڕن و نەهێڵن هیچ کێشە و گرفتێکی خزمەتگوزاری دروست ببێت.دڵنییاییشی بە خەڵکی کوردستاندا کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی خەڵک و هەرێمی کوردستان لەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی ناوچەکە . دووپاتیشی کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی کێڵگەکانی نەوت و گاز و پاڵاوگەکان رووبەڕووی هێرش و پەلاماری هێزە لەیاسا دەرچووەکان بوونەتەوە ، بەڵام حکوومەت هەموو هەوڵێکی داوە چارەسەری کێشەی کارەبا بکات .

پاشان سەرۆکی حکوومەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە وەکوو هەرێمی کوردستان لە هەموو کەسێک زیاتر پەرۆشی ئابووریی و مووچە و بژێویی خەڵکین، ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەوەین نەوت هەناردە بکرێ و هەرێمی کوردستان رێگر نییە، تەنیا داوای ئەوەی کردووە گەرەنتی هەبێت و بتوانین لە کێڵگەکانی خۆشمان نەوت هەناردە بکەین. گوتیشی، بەغدا خۆی چەند ساڵێک لەمەوبەر لە رێگەی دادگاوە نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت بۆیە گوناحی هەرێم نییە کە نەوت وەستاوە.هەرچەندە ئەو بڕە نەوتەی کە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت، سنووردارە و قەرەبووی هەموو نەوتی عێراق ناکاتەوە ، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت .

لەبارەی بابەتی سیستەمی ئەسیکۆداش، هەرێمی کوردستان نەیگوتووە ئەسیکۆدا جێبەجێ ناکەین بەڵکوو تەنیا داوای کاتمان کردووە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی بکرێت. بە تایبەتی کە ئێستا لە دۆخێکی ئابووری و بازرگانی زۆر خراپداین و چالاکی بازرگانی زۆر کەم بووە.