سوپای ئیسرائیل وردەکاریی کوشتنی لاریجانی بڵاوکردەوە؛ "رێبەری کرداریی ئێران بوو"

عەلی لاریجانی
عەلی لاریجانی

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا کوژرانی عەلی لاریجانی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی راگەیاند.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە داوە، "لە هێرشێکی وردی هێزی ئاسمانیدا بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی سەربازی و بەکارهێنانی توانای بێوێنە لە ناوەڕاستی تاران، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و رێبەری کرداریی ئەو وڵاتە کوژراوە".

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بۆ چەندین ساڵ لاریجانی یەکێک بووە لە کەسایەتییە دیارەکانی لوتکەی دەسەڵاتی ئێران و زۆر نزیک بووە لە عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران.

سوپای ئیسرائیل روونیشی کردەوە، دوای کوژرانی خامنەیی پێگەی لاریجانی وەک رێبەری کرداریی سیستمەکە جێگیر بوو و سەرکردایەتیی شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکەی دەکرد.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، لاریجانی سەرپەرشتیی هەماهەنگیی سیاسی و ئەمنیی ئێرانی دەکرد و چالاکییەکانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی میحوەری ئێرانی بەڕێوە دەبرد.

سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستە روو، "لاریجانی لە کاتی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی دژی دەسەڵات لە ئێران سەرکردایەتیی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی دەکرد و راستەوخۆ سەرپەرشتیی ئەو کۆمەڵکوژییەی دەکرد بەرانبەر خۆپیشاندەرانی ئێرانی ئەنجام درا."

لە کۆتاییدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کوژرانی لاریجانی دەچێتە پاڵ زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆن بۆ بەئامانجگرتنی دەیان سەرکردە و بەرپرسی ئێرانی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (نەڕەی شێر)، ئەمەش گورزێکی دیکەیە بۆ سەر تواناکانی سەرکردایەتیی ئێران لە بەڕێوەبردن و هەماهەنگیکردنی چالاکییەکانیان دژی ئیسرائیل.

ئێران تا ئێستا بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم راگەیەنراوەی سوپای ئیسرائیل نەداوە و تەنیا بێدەنگیی هەڵبژاردووە.