کۆبانێ لەژێر گەمارۆدایە؛ قەیرانی خوێن و دەرمان هەڕەشە لە ژیانی هەزاران کەس دەکات

گەمارۆی سەر کۆبانێ بەردەوامە؛ ئاو و کارەبا بڕاوە و خواردن بەرەو نەمان دەچێت، هاوکات مەترسی ئەوە هەیە نەخۆشخانە و دەرمانخانەکان بە تەواوی بێ دەرمان بمێننەوە.

کوردستان24 لە ناو کۆبانێوە چاودێری قەیرانی قووڵی کەمیی خوێن دەکات. سەرەڕای چەندین جار بانگەواز بۆ بەخشینی خوێن، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 100 کەس خوێنیان بەخشیوە. هۆکارەکانی ئەم کەمبوونەوەیەش زۆرن، لەوانە ترسی خەڵک و نەبوونی خۆراکی پێویست، کە وایکردووە هاووڵاتییان توانای جەستەییان نەبێت بۆ ئەوەی لەسەر پێیەکانیان بوەستن و خوێن ببەخشن.

لە شارەکەدا رەوشی مرۆیی و تەندروستی لە هەموو روویەکەوە بەرەو زەحمەتی و خراپتربوون دەچێت. هێرشەکانی حکوومەتی کاتی بۆ سەر شارەکە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەموو کەرتەکان دروستکردووە، بەتایبەت کەرتی تەندروستی کە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە.

پزیشک و پەرستارانی شارەکە باس لەوە دەکەن کە بەدەست زۆرترین گرفتەوە دەناڵێنن؛ بریندارەکان زۆرن و پێویستییان بە خوێن هەیە، بەڵام بەهۆی کەمیی خوێن و ئەو ئاستەنگانەی لە دابینکردنیدا هەیە، ناتوانن وەک پێویست خزمەتگوزاری بە بریندارەکان پێشکەش بکەن.

سەلام حاجی، پەرستار لە کۆبانێ، رایگەیاند: "سەرەڕای بانگەوازە بەردەوامەکان، تاوەکو ئێستا تەنیا نزیکەی 100 کەس خوێنیان داوە. ئەو بڕە خوێنەی کۆکراوەتەوە زۆر کەمە و بەهۆی زۆریی ژمارەی بریندارانەوە، تێراویان ناکات."

عیزەدین مستەفا، کە هاووڵاتییەکی شارەکەیە، تیشک دەخاتە سەر ئەو مەینەتییانەی بەهۆی گەمارۆکەوە رووبەڕوویان بووەتەوە.

بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستی کۆبانێ، گەمارۆی تووند و هێرشە بەردەوامەکان و نەبوونی ئامێر و پێداویستی پزیشکی، وایکردووە کەرتی تەندروستی شارەکە بگاتە لاوازترین ئاست. ناوەندە پزیشکییەکان و نەخۆشخانەکان بە زەحمەت پێشوازی لە نەخۆش و برینداران دەکەن.

 هۆشداریش دەدرێت ئەگەر رەوشەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و هاوکاری مرۆیی بەپەلە نەگاتە شارەکە، نەخۆشخانەکان بە یەکجاری دادەخرێن و کارەساتی مرۆیی گەورە روودەدات