قەشەی کەنیسەی حەسەکە: شەڕ کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێکەوەژیان هەبووە

مارمۆریس عەمیسح، قەشەی کەنیسەی حەسەکە
مارمۆریس عەمیسح، قەشەی کەنیسەی حەسەکە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، مارمۆریس عەمیسح، قەشەی کەنیسەی حەسەکە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رامان حەسۆ، نێردراوی کوردستان24 بۆ رۆژئاوای کوردستان، تیشکی خستە سەر گرنگیی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەی جزیرە.

قەشە مارمۆریس گوتی: "ئێمە وەک کورد، عەرەب، کریستیان، ئێزدی و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە، مێژوویەکی دوور و درێژمان لە پێکەوەژیان و رێزگرتنی یەکتر هەیە لەم ناوچەیەدا."

ناوبراو ئاماژەی بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەڕ و پێکدادانەکان کرد لەسەر ژیانی خەڵک و گوتی: "بەداخەوە، بەهۆی شەڕ و نائارامییەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێمە، بەتایبەتی کریستیانەکان، ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و ئاوارە ببن."

قەشەی کەنیسەی حەسەکە داوای گەڕانەوەی ئاشتی و ئارامیی بۆ ناوچەکە کرد و جەختی لەسەر پێویستیی کارکردنی هەموو لایەنەکان کردەوە بۆ پاراستنی گیانی پێکەوەژیان. ئەو باسی لەوەش کرد: "ئاشتی داواکاریی سەرەکیی ئێمەیە بۆ هەموو پێکهاتەکانی جزیرە. پێویستە هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ بنیادنانەوەی وڵاتەکەمان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هەموو دانیشتووان، بەبێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی."

قەشە مارمۆریس لە درێژەی قسەکانیدا گرنگیی هۆشیارکردنەوەی گەنجانی دووپاتکردەوە لە مەترسییەکانی توندوتیژی و توندڕەوی. ئەو رایگەیاند: "پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ باوەڕی بە پێکەوەژیان و لێبووردەیی هەبێت، کلیلی داهاتوویەکی گەشە بۆ ناوچەکەمان."