بەهۆی ترسی شەڕ و گەمارۆوە شەپۆلێکی دیکەی خەڵک ئاوارەی کۆبانێ بوون

سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوچەکانی دەوروبەری شاری کۆبانێ ئارامی بەخۆیەوە بینی، بەڵام بەهۆی ترس لە دروستبوونی گرژیی نوێ، شەپۆلێکی دیکەی خەڵکی ئەو گوندانە ئاوارەی ناو شاری کۆبانێ بوون.

ئەم ئاوارەبوونە لە کاتێکدایە کە خودی شاری کۆبانێ پڕبووە لە هەزاران خێزانی ئاوارە و بەهۆی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەری، دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێکی کارەساتبار و سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان دەست ناکەوێت.

ئەم شەپۆلە نوێیە دوای ئەوە دێت کە لە رۆژانی رابردوودا، گرووپەکان و سوپای عەرەبی سووریا گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێیان کردووەتە ئامانج، ئەم دۆخەش ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو دانیشتووانی مەدەنی دروست کردووە.

لەو چوارچێوەیەدا، روانگەی سووری بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ دەیان خێزانی ئاوارەی عەفرین و ئەوانەی لە ناوچەکانی تەبقە و رەققەوە هاتوون، پەنایان بردووەتە بەر شوێنەکانی داڵدەدانی کاتی لە کۆبانێ، ئەو خێزانانە کە لەدەست دۆخی ئەمنی و بژێوی سەخت هەڵاتوون، ئێستا رووبەڕووی دۆخێکی سەختتر بوونەتەوە بەهۆی سەرما و سۆڵە و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان.

سەرەڕای ئەوەی لەم هەفتەیەدا دوو کاروانی هاوکاریی مرۆیی گەیشتوونەتە کۆبانێ، بەڵام ئەو بڕە تەنانەت کەمترین پێداویستیی هەزاران خێزانی ئاوارە پڕ ناکاتەوە کە لە قوتابخانە و مزگەوتەکاندا دەمێننەوە.