کۆتاییەکی تراژیدی بۆ "ئوم زەکی"؛ لە ماڵەکەیدا کوژرا

هودە شەعراوی، ئەکتەری بەناوبانگی سووریا
هودە شەعراوی، ئەکتەری بەناوبانگی سووریا

ئەو دەنگەی ساڵانێکی زۆر لە کۆڵانەکانی گەڕەکی دەبع لە زنجیرە درامای بابلحارەدا دەزرینگایەوە، ئەمڕۆ بە دەستێکی تاوانکار کپ کرا. هودا شەعراوی، ئەکتەری خۆشەویستی شاشەکانی سووریا، لە رووداوێکی گوماناویدا لەناو ماڵەکەی خۆیدا کوژراوی دۆزرایەوە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە خزمەتکارەکەی لەپشت ئەنجامدانی ئەم تاوانەوە بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، لە رووداوێکی دڵتەزێندا کە ناوەندی هونەریی سووریای هەژاند، سەرچاوە ئەمنییەکان و میدیاکانی ئەو وڵاتە، هەواڵی کوژرانی خانمەئەکتەری دیاری سووریا (هودە شەعراوی)یان بڵاوکردەوە، کە لەنێو بینەراندا بە کارەکتەری "ئوم زەکی" لە زنجیرە درامای بەناوبانگی "بابلحارە" ناسراوە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تاوانەکە لەناو شوێنی نیشتەجێبوونی هونەرمەندەکە لە شاری دیمەشق رووی داوە. 

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گومانلێکراوی سەرەکی لەم دۆسیەیەدا، خزمەتکارە بیانییەکەی ناوبراوە کە لە ماڵەکەیدا کاری کردووە. بە پێی دوایین زانیارییەکان، تۆمەتبارەکە هەڵاتووە و تا ئێستا شوێنەکەی نادیارە.

لە لایەکی دیکەوە، مازن ناتور، نەقیبی هونەرمەندانی سووریا، لە لێدوانێکدا هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، کە تاوانەکە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجام دراوە، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی چۆنیەتیی کوشتنەکە ئاشکرا بکات