وەزارەتی پەروەردە وێنەی دوو منداڵی نیشتمانپەروەر دەخاتە سەر بەرگی کتێبەکانی خوێندنی ساڵی داهاتوو
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە گۆڕانکاری لە بەرگی کتێبەکانی خوێندنی ساڵی داهاتوو ڕاگەیاند.
بەپێی بڕیارەکە، وێنەی دوو منداڵی کورد کە وەک هێمای ئاستێکی بەرزی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی بۆ کوردستان دەبینرێن، دەخرێنە سەر بەرگی کتێبەکانی پرۆگرامی خوێندنی زمانی کوردی، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ چاندنی تۆوی دڵسۆزی و بەها نەتەوەییەکان لە ناو نەوەکانی داهاتوودا.
وەزیری پەروەردە لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، وردەکاریی بڕیارەکەی خستەڕوو، ئاماژەی بەوە کردووە، وێنەی منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شاری هەولێر، دەخرێتە سەر بەرگی کتێبی کوردی پۆلی 6ـی بنەڕەتی. هاوکات وێنەی منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ و سێ مانگ لە شاری سلێمانی، دەخرێتە سەر بەرگی کتێبی کوردی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی.
ئالان حەمە سەعید جەختی لەوە کردەوە، ئەم بڕیارە مانایەکی قووڵی پەروەردەیی هەیە و ئامانج لێی پەروەردەکردنی نەوە دوای نەوەیە لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەری.
وەزیری پەروەردە ئاشکراشی کرد، بۆ کتێبی پۆلی یەک و پۆلی شەشیش، بۆ هەریەکەیان نزیکەی 160 هەزار دانە چاپ دەکەن.
ئەم دەستپێشخەرییەی وەزارەتی پەروەردە کاردانەوەی ئەرێنی لە ناوەندە پەروەردەییەکاندا لێدەکەوێتەوە، بەوپێیەی بەکارهێنانی وێنەی راستەقینەی منداڵانی کوردستان کە گوزارشت لە خۆشەویستی بۆ خاک دەکەن، کاریگەرییەکی دەروونی و پەروەردەیی بەهێزی لەسەر قوتابییان دەبێت، بڕیارە ئەم کتێبانە بۆ وەرزی نوێی خوێندنی ساڵی داهاتوو چاپ بکرێن و بخرێنە بەردەستی قوتابیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.