لە بەغدا بنکەی پاڵپشتی دیپلۆماسی ئەمریکا و بارەگاکانی حەشدی شەعبی دەکرێنە ئامانج
دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026، دۆخی ئەمنیی پایتەختی عێراق و دەوروبەری رووی لە ئاڵۆزییەکی مەترسیدار کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، بۆ جاری حەوتەم هێرش کرایە سەر بنکەی پاڵپشتی دیپلۆماسی ئەمریکا لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن هێرشەکانی ئەمڕۆ بۆ سەر بنکەی پاڵپشتی دیپلۆماسی ئەمریکا زۆر چڕ بوون و ئامانجەکانیان پێکاوە، بەو هۆیەشەوە زیانی بەرچاو بە بنکەکە گەیشتووە. هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، ناوچەی جەرف سەخر لە پارێزگای بابل کە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لێیە، کراوەتە ئامانج؛ ئەمەش دووەم هێرشی هاوشێوەیە لە ماوەی کەمتر لە 12 کاتژمێردا دەکرێتە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو پارێزگایە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، جۆرێک لە ململانێی بەردەوام و رۆژانە لە ئارادایە، بە شێوەیەک هەموو رۆژێک لە کاتژمێر 6:00ـی ئێوارەوە تاوەکو 7:00ـی بەیانی، هێزە ئەمریکییەکان هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی، لە بەرانبەریشدا گرووپەکانی مقاوەمەی عێراقی هێرش دەکەنە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق.
ئەم هێرشە پێچەوانانەی نێوان هەردوولا، مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە، بەتایبەت ئەو گەڕەکانەی کە دەکەونە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا. بەهۆی نزیکیی شوێنی پێکدادانەکان لە ناوچە نیشتەجێبووەکان، شڵەژانێکی توندی ئەمنیی و دەروونی لای دانیشتووانی بەغدا دروست بووە و زۆرترین زیانیش بەر هاووڵاتییانی مەدەنی کەوتووە.
سەبارەت بە دواپەرەسەندنەکان، پەیامنێری کوردستان24 راگەیاند: "بەر لە نیو کاتژمێر دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی بەغدا دەبیسترا، بەڵام ئێستا کەشەکە تا رادەیەک جێگیرە و بێدەنگی باڵی بەسەر شارەکەدا کێشاوە."