تۆم بەڕاک: رێککەوتنی هەسەدە و حکوومەتی سووریا هەنگاوێکی گرنگە
تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا لە پەیامێکدا دەڵێت: رێککەوتنی هەسەدە و حکوومەتی سووریا هەنگاوێکی گرنگە و دەرخەری پابەندبوونی حکوومەتی سووریا بە ئاشتەوایی نیشتمانی و ئەکگرتوویی و سەقامگیری هەمیشەیی.
بەڕاک ئەمڕۆ هەینی 30ی کانوونی دووەمی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی؛ راگەیاندنی رێککەوتنی گشتگیری نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەنگاوێکی مێژووییە لە گەشتنی سووریا بە ئاشتەوایی نیشتمانی و یەکگرتوویی و سەقامگیری هەمیشەیی.
تۆم بەڕاک، رایگەیاند: ڕاگەیاندنی رێککەوتنی گشتگیری نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەرچەرخانێکی مێژوویی و قووڵە لە کاروانی سووریا بەرەو ئاشتەوایی نیشتمانی، یەکڕیزی و سەقامگیرییەکی بەردەوام.
ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە بەرهەمی دانووستانێکی وردە و نیشانەی پابەندییەکی هاوبەشە بۆ رێزگرتن لە هەموو پێکهاتەکانی سووریا و پاراستنی شکۆی گشتی گەلی ئەو وڵاتە.
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا جەختی کردەوە لەوەی، ئەم رێککەوتنە بۆ حکوومەتی سووریا دڵسۆزییەکەی بۆ هاوبەشیی ڕاستەقینە و حوکمڕانیی گشتگیر دەسەلمێنێت.
بەپێی رێککەوتنەکە، قۆناغ بە قۆناغ پێکهاتە سەربازی، ئەمنی و ئیدارییەکان لە ناو دامەزراوە یەکگرتووەکانی دەوڵەتدا تێکەڵ دەکرێن، هاوکات دەرفەت دەدرێتە نوێنەرانی باڵای هەسەدە تاوەکو لە ئاستی باڵادا بەشداریی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بکەن.
بەڕاک وای دەبینێت، ئەم نزیکبوونەوەیە سەروەریی دەوڵەت بەسەر هەموو خاکەکەیدا دەچەسپێنێت و پەیامێکی روونی کرانەوە و دادپەروەری بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەنێرێت.
سەبارەت بە مافەکانی گەلی کورد، کە قوربانییەکی زۆریان لە بەرگریی سووریا دژ بە توندڕەوی داوە، باڵیۆزی ئەمریکا تیشکی خستە سەر مەرسوومی کۆماری ژمارە 13، کە بە هەنگاوێکی وەرچەرخان بۆ چەسپاندنی یەکسانی وەسفی کرد.
بەپێی مەرسوومەکە، مافی رەگەزنامەی سووری بۆ هەموو ئەو کوردانە گەڕێنراوەتەوە کە پێشتر بەهۆی بڕیارە مێژووییەکانەوە لێیان زەوت کرابوو، هەروەها زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە تەنیشت زمانی عەرەبی ناسێنراوە و ڕێگە دراوە لە ناوچە پەیوەندیدارەکاندا بخوێندرێت و بپارێزرێت.
بەڕاک دووپاتی کردەوە لەوەی، ئەم بڕیارانە نادادپەروەرییە مێژووییەکان ڕاست دەکەنەوە و پێگەی کورد وەک بەشێکی دانەبڕاو لە نەتەوەی سووریا بەهێز دەکەن.
تۆم بەڕاک ستایشی هەردوولای کرد بۆ ئەو هەنگاوە بوێرانەی کە ناویانە و ڕایگەیاند: ئەم پەرەسەندنانە زەمینە خۆش دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی متمانە، راکێشانی وەبەرهێنان بۆ ئاوەدانکردنەوە و دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی درێژخایەن بۆ هەموو سووریاییەکان.
بە بڕوای نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا ، سووریا ئێستا ئامادەیە تاوەکو پێگەی شایستەی خۆی وەک مەڵبەندی سەقامگیری و ئومێد لە ناوچەکەدا بەدەستبهێنێتەوە.