زێڕ و زیو نرخێکی پێوانەییان لە دەست دا
بازاڕەکانی جیهان شایەتی دابەزینێکی پێوانەیی نرخی کانزا بە نرخەکان بوون؛ زێڕ بۆ خوار چوار هەزار و 800 دۆلار دابەزی و زیو نزیکەی سێیەکی بەهاکەی لە دەست دا.
لە مامەڵەکانی ڕۆژی هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، نرخی زێڕ زیانەکانی قووڵتر کردەوە و بە رێژەی زیاتر لە 12% دابەزی، ئەمەش بەهۆی بەهێزبوونی بەهای دۆلار، ئەم دابەزینەش لە ئەنجامی کاریگەرییەکانی دەستنیشانکردنی کاندیدێک بوو بە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی یەدەگی فیدراڵی (بانکی ناوەندیی ئەمریکا).
بەپێی دواین داتاکانی بازاڕ، تا کاتژمێر 21:32 بە کاتی ریاز، نرخی زێڕ لە مامەڵە دەستبەجێیەکاندا بە ڕێژەی 12% دابەزیوە و گەیشتووەتە 4,726.37 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە زێڕ بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی تۆمار کردبوو کە 5,594.82 دۆلار بوو. سەرەڕای دابەزینەکەی ئەمڕۆ، بەڵام زێڕ هێشتا بە ڕێژەی زیاتر لە 18% قازانجی لەم مانگەدا پاراستووە و بۆ شەشەم مانگی لە سەریەکە بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
هۆکاری دابەزینەکە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە (کێڤن وارش)، ئەندامی پێشووی دەستەی پارێزگارانی یەدەگی فیدراڵی، هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە شوێنی جێرۆم پاوڵ.
بوژانەوەی دۆلار
هاوکات دۆلاری ئەمریکی لە نزمترین ئاستی چوار ساڵی ڕابردوویەوە دەستی بە بوژانەوە کرد. بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەبێتە هۆی گرانبوونی تێچووی کڕینی زێڕ بۆ ئەو کەسانەی کە دراوەکانی دیکە بەکار دەهێنن، چونکە زێڕ بە دۆلار نرخێنراوە.
داڕمانی نرخی زیو و کانزاکانی دیکە
زیو: لە مامەڵە دەستبەجێیەکاندا بە ڕێژەی 32% دابەزی و گەیشتە 77.57 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە لوتکەی مێژوویی 121.64 دۆلاری تۆمار کردبوو. سەرەڕای ئەمەش، زیو لەم مانگەدا 42% قازانجی کردووە و بەرەو تۆمارکردنی باشترین ئاستی مانگانەی مێژوویی خۆی دەڕوات.