پەیماننامە ئەتۆمییەکەی ئەمریکا لەگەڵ رووسیا بەرەو کۆتایی دەچێت

کۆمەڵێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا هۆشدارییان ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد سەبارەت بە مەترسییەکانی ڕاگرتن و کۆتاییهاتنی پەیماننامەی "ستارتی نوێ" (New START) کە تایبەتە بە سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی لە نێوان واشنتن و مۆسکۆ، کە بڕیارە لە 5ـی شوباتدا وادەکەی بەسەربچێت.

سیناتۆر ئێدوارد مارکی، پڕۆژە بڕیارێکی بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێشکەش کردووە، داوای لە سەرۆک ترامپ کرد بە پەلە لەگەڵ رووسیا کاربکات بۆ جێگرتنەوەی پەیماننامەکە. مارکی جەختی کردەوە؛ پێویستە واشنتن دانوستان لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەک لەگەڵ چینیشدا بکات و گوتی: "ئیدارەی ئێستای کۆشکی سپی دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە بۆ رێگریکردن لە پێشبڕکێیەکی مەترسیدار و تێچووی زۆری چەکی ئەتۆمی."

لەلایەکی دیکەوە، سیناتۆر جین شاهین، ئەندامی دیموکرات لە لیژنەی کاروباری دەرەوە، هۆشداریی دا وازهێنان لەم پەیماننامەیە بەبێ هەبوونی پلانێکی جێگرەوە، دەبێتە هۆی بەخشینی سوودێکی ستراتیژی بە مۆسکۆ و پەکین. شاهین ئاماژەی بەوە کرد؛ ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی دەستپێکردنی پێشبڕکێیەکی نوێی چەکی ئەتۆمی و ئەگەری روودانی کارەساتی ئەتۆمی زیاد دەکات.

جیم مەکگۆڤەرن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ویلایەتی ماساشوستس، پاڵپشتی خۆی بۆ هەڵوێستی سیناتۆرەکان دەربڕی و جەختی کردەوە؛ پێویستە ئەمریکا لە بواری چەکداماڵینی ئەتۆمیدا پێشەنگ بێت. هەروەها گوتی: "هەر دۆلارێک کە لە چەکی ئەتۆمیدا خەرج دەکرێت، مرۆڤایەتی بەرەو لێواری مەترسی دەبات و هێزە خراپەکارەکانی جیهان بەهێزتر دەکات."

پەیماننامەی "ستارتی نوێ" کە لە ساڵی 2010 واژۆ کراوە، سنوورێکی دیاریکراوی بۆ جبەخانە ئەتۆمییەکانی هەردوو وڵات داناوە (بە تێکڕا 1550سەری ئەتۆمی و 700 مووشەکی بالیستیکی چالاک بۆ هەر لایەک).

لە کاتێکدا ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، ئامادەیی مۆسکۆی بۆ درێژکردنەوەی پەیماننامەکە بۆ ماوەی ساڵێک راگەیاندووە (بە مەرجی هەنگاوی هاوشێوە لەلایەن ئەمریکاوە)، بەڵام ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، رایگەیاند کە تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمییان لە واشنتنەوە بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی رووسیا.