ناتۆ: ئەوروپا بەبێ پشتیوانیی ئەمریکا، هێزێکی پەرت و لاوازە
مارک روتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ، هەفتەی پێشوو لە پەرلەمانی ئەوروپا بە راشکاوی گوتی: ئەگەر هەر کەسێک وا بیردەکاتەوە کە ئەوروپا دەتوانێت بەبێ ئەمریکا بەرگری لە خۆی بکات، هەڵەیەکی گەورە دەکات؛ ئێمە و ئەمریکا پێویستمان بە یەکترە.
شەممە، 31ـی کانوونی دووەم 2026، رۆژنامەی 'تایمز'ی بەریتانی لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی "لێدوانەکەی مارک روتە، بووە هۆی نیگەرانیی سەرکردە ئەوروپییەکان، بەڵام شارەزایانی سەربازی کۆکن لەسەر ئەوەی کە بیرکردنەوە لە خۆئامادەکردن بۆ جەنگ بەبێ هاوکاریی ئەمریکا، ئێستا بووەتە پێویستییەکی حەتمیی یەکێتیی ئەوروپا."
پێنتاگۆن، خوازیارە ئەوروپا ئەرکی بەرگریکردن لە خۆی لە ئەستۆ بگرێت. سیناریۆکان لە کەمکردنەوەی وردە وردەی هێزەکانی ئەمریکاوە دەست پێدەکەن تا دەگاتە ئەگەری کشانەوەی تەواو، بەتایبەتی ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سیاسەتێکی توندتر بگرێتەبەر، یان ناکۆکییەکی گەورە روو بدات. هەربۆیە هەندێک پایتەختی ئەوروپی بە نهێنی پلانی مانەوەی ناتۆ، بەبێ ئەمریکا دادەڕێژن.
هێز لە ژمارەدا یان یەکخستن؟
لەسەر کاغەز، لە رووی سەربازییەوە ئەوروپا لە رووسیا بەهێزتر دەردەکەوێت؛ سەربازی زیاتر، تانکی دوو هێندە و خەرجی بەرگری سێ هێندە. بەڵام کێشە گەورەکە پەرتەوازەیی ئەو هێزانەیە. ئێدوارد سترینگەر، فەرماندەی سەربازی بەریتانی ئاماژە بەوە دەکات "ئەمریکا تەنیا 33 جۆری چەکی سەرەکی هەیە، لەکاتێکدا ئەوروپا 174 جۆر چەکی هەیە، بەڵام کێشە گەورەکە دابینکردنی پارچەی یەدەک و تەقەمەنیی پێویستە بۆ ئەو چەکانە."
سترینگەر، دەشڵێت: گرفتەکە تەنها لە زۆریی ژمارەی فڕۆکە و تانکدا نییە، بەڵکو لە نەبوونی ئەو پێکهاتە نهێنییەدایە کە هەموویان بەیەکەوە گرێ دەدات. ئەوروپا کێشەی گەورەی لە تەقەمەنی، درۆن و مووشەکی دوورمەودا هەیە.
ئەو فەرماندە سەربازییە، گوتیشی: نموونەیەک لەم بێسەروبەرییە، ئەوە بوو کە هاوینی رابردوو، کەشتییەکی جەنگی ئەڵمانی لە دەریای سوور بە هەڵە خەریک بوو بە دوو مووشەک، درۆنێکی ئەمریکی بخاتە خوارەوە بەڵام خۆشبەختانە هەردوو مووشەکەکە پێش ئەوەی درۆنەکە بپێکن، تەقێنرانەوە.
جەنگی کوێرانە لە بۆشایی ئاسماندا
گەورەترین کەلێنی ئەوروپا لە بواری چەکە ئەلکترۆنی و هەستیارەکاندایە، بەتایبەتی مانگە دەستکردەکان و سیستەمەکانی هەواڵگری. ئەوروپا، بۆ وەرگرتنی زانیاریی هەواڵگری بە رادەی %80 پشت پشت بە ئەمریکا دەبەستێت. بەبێ ئەم زانیارییانە، سوپای ئەوروپا 'کوێرانە' دەجەنگێت! ئەزموونی ئۆکرانیا دەریخست کە بێبەشبوونی ئەوروپا لە داتای مانگە دەستکردەکانی ئەمریکا دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی چەکە پێشکەوتووەکان.
ئێستا ئەوروپا، هەوڵی پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە دەدات وەک 'وەبەرهێنانی ئەڵمانیا و پرۆژەی ئاریان 6' بەڵام بۆ ئەوەش هێشتا پشت بە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک سپەیس ئێکس دەبەستێت و توانای چاودێری سەربەخۆی زۆر سنووردارە.
بەرگریی ئاسمانیی لاواز
مەزەندە دەکرێت ئەوروپا تەنها %5ی ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانیانەی هەبێت کە بۆ پاراستنی بەرەی رۆژهەڵات پێویستن. هەرچەندە خاوەنی سیستەمی پاتریۆتی ئەمریکین، بەڵام بۆ فەرماندەیی و کۆنترۆڵ و بەرگری دژی مووشەکی بالیستی، بەتەواوی پشتبەستوون بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکی.
ئەوروپا، تەنیا لە چارەکردنی کێشەی هێرشی درۆنی تا رادەیەک سەرکەوتووە کە بە 'دیواری درۆن' و مووشەکی هەرزان چارە دەکرێت. وڵاتانی وەک پۆڵەندا و سوید، بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئۆکرانیا، لە هەوڵی دروستکردنی سیستەمێکی هەرزاندان بۆ خستنەخوارەوەی درۆنەکان؛ سەرباری ئەوە، هێشتا توانای لەناوبردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی دوژمنیان نییە و لەم بوارەشدا ئەوروپا زۆر لە دوای ئەمریکاوەیە و پێویستی بە فێربوونی شێوازی نوێ هەیە.
چەکی ئەتۆمی: کۆڵەکە سەرەکییە ونبووەکە
ئەمە ئەو باسەیە کە سەرکردە ئەوروپییەکان خۆیانی لێ دەدزنەوە. ئەوروپا لەژێر "چەتری ئەتۆمی" ئەمریکادایە. ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە، تەنها بەریتانیا و فەرەنسا دەمێننەوە. کێشەکە ئەوەیە جبەخانەی ئەم دوو وڵاتە بچووکە و تەنیا بۆ وێرانکردنی شارەکانی دوژمن دیزاین کراون، نەک هێرشی تەکتیکی و بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئەتۆمیی دوژمن. ئەوروپا کێشەی نەبوونی چەکی ئەتۆمیی تەکتیکی هەیە، وەک بۆمبیB61ی ئەمریکی کە لە ئەوروپا جێگیرکراون و توانای لێدانی زەبری سنوورداریان هەیە بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی گشتگیر.
بە کورتی، لەم بوارەشدا هیچ نیشانەیەک نییە کە ئەوروپا بتوانێت فەرماندەیی یەکگرتووی ئەتۆمی دروست بکات، هەرچەندە رەنگە فەرەنسا هەندێک لە مووشەکە ئاسمانییەکانی وەک دوا هۆشداری بەکار بهێنێت.
کێ بڕیار دەدات؟
بە بڕوای یانا پوگلیێرینی، شرۆڤەکاری سەربازی، ئەمریکا بڕبڕەی پشتی نەزم و ئاسایشی ئەوروپایە و بەبێ ئەو، دیار نییە کێ سەرکردایەتی کیشوەرەکە دەکات. بەریتانیا لە دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپادایە، فەرەنسا جێی متمانە نییە لای هەمووان و ئەڵمانیاش دوودڵە.
لە ئەگەری نەمانی ئەمریکا، ئەستەمە فەرماندەییەکی یەکگرتووی ئەوروپی دروست ببێت. لە جیاتی ئەوە، پێدەچێت 'هاوپەیمانییە هەرێمییەکان' دروست ببن. وڵاتانی هێڵی پێشەوە وەک پۆڵەندا، فینلاند و وڵاتانی بەڵتیک، لەگەڵ بەریتانیا، ڕەنگە ناوکێکی بەهێز دروست بکەن کە پشت بە سنووری قایم و بەرگریی هەمەلایەنە دەبەستێت. ئەم ستراتیژە، دەتوانێت تێچووی هێرش و پەلاماری سەربازیی بۆ رووسیا ئەوەندە بەرز بکاتەوە، کە ناچاری بکات تەنیا وەک هێزێکی بەرگریکار بمێنێتەوە و بیر لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی ئەوروپا نەکاتەوە.