ئیسرائیل کەمپێکی ئاوارەکانی لە خان یونس بۆردومان کرد

میدیا فەڵەستینییەکان بڵاویان کردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کەمپێکی ئاوارەکانیان لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە بۆردومان کردووە، بەو هۆیەوە تەواوی ئەندامانی خێزانێک کوژران.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی 'وەفا'، لە هێرشێکی دیکەی ئیسرائیلدا کە شوقەیەکی لە شاری غەززە بۆردومانکرد لانی کەم سێ کەس کوژراون و نزیکەی پێنجی دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوەکان رایانگەیاندووە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ناوچەکانی کەرتی غەززە، 11 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون.

ئەم پێشهاتانە ئاماژەن بۆ لاوازیی و شکانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر پەسەندکردنیدا تێپەڕیوە.

ئەمریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاند، رێککەوتنی غەززە چووەتە قۆناغی دووەمەوە، کە بڕگەکانی بریتییە لە چەککردنی گرووپە فەڵەستینییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە بزووتنەوەی حەماس.

قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە بووە هۆی وەستانی شەڕ تا رادەیەکی زۆر و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان لە غەززە، لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی فەڵەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە.