وەزیری تەندروستیی: هاتوچۆ یەکێکە لە گرفتە گەورەکانی کۆمەڵگە
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ساڵانەی سەلامەتی هاتوچۆ لە هەولێر، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی رووداوەکانی هاتوچۆ و کاریگەرییە تەندروستی و مرۆییەکانی لەسەر کۆمەڵگە.
وەزیری تەندروستیی لە سەرەتای وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد؛ رووداوەکانی هاتوچۆ تەنیا قەزا و قەدەر نین، بەڵکو دەکرێت بە گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو پێشیان لێ بگیرێت. گوتیشی: "ئەم بابەتە زۆر گرنگە لە رووی تەندروستییەوە، چونکە بەشێکی سەرەکییە لە تەندروستیی گشتیی و هۆشیاری تەندروستیی".
سامان بەرزنجی ئامارە جیهانییەکانی خستەروو و ئاشکرای کرد؛ ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن و 190 هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە گیان لەدەست دەدەن، و لە نێوان 20 بۆ 50 ملیۆن کەسیش تووشی کەمئەندامی دەبن. ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرترین رێژەی قوربانییەکان لە تەمەنی نێوان 5 بۆ 29 ساڵانن، کە ئەمەش زیانێکی گەورەیە بۆ هێزی گەنج و توانای وڵاتان.
لە بارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان، وەزیری تەندروستیی رایگەیاند؛ حکوومەتی هەرێم لە ساڵی 2020ەوە، ستراتیژییەکی تۆکمەی بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ داناوە و لەم پێناوەشدا هەنگاوی باش نراوە، لەوانە: باشترکردنی سیستەمی مۆڵەتی شۆفێری: دانانی رێوشوێنی توندتر بۆ وەرگرتنی مۆڵەت و دڵنیابوونەوە لە لێهاتوویی شۆفێران. هەروەها پشکنینی توند بۆ ئۆتۆمبێلەکان (هەزە): دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی و کوالێتی ئۆتۆمبێلەکان. لەگەڵ پەرەپێدانی رێگاوبانەکان: دووسایدکردنی رێگاکان و تانەدانانی رێوشوێنی ئەندازیاری هاتوچۆ. هەروەها سیستەمی فریاکەوتن: خێراکردنی گەیشتنی تیمەکانی ئەمبوڵانس و گەشەپێدانی بەشەکانی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەکان.
هەروەها دکتۆر سامان داوای کرد؛ رێوشوێنی توندتر بەرامبەر شۆفێری ماتۆڕسکیلەکان و ئەو کەسانەی لەژێر کاریگەری ماددە کحولییەکاندا شۆفێری دەکەن بگیرێتەبەر، بەتایبەتی لە شەواندا. پێشنیاریشی کرد پەرژینی سەلامەتی لە نێوان شەقامەکاندا دروست بکرێت بۆ رێگری لە پەڕینەوەی کتوپڕی هاووڵاتیان و منداڵان.
وەزیری تەندروستی جەختی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان وەزارەتەکانی ناوخۆ، تەندروستیی، پەروەردە، ئەوقاف و میدیا کردەوە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و کەمکردنەوەی رووداوەکان، تا چیتر ئازیزانمان نەبنە قوربانی خەمساردی و بێباکیی سەر شەقامەکان.