عێراق بووە بە گۆڕەپانی ئەنجامدانی تاوان
لە ماوەی یەک مانگدا لە عێراق، 16 کەس بە تۆمەتی تیرۆر و 34 بازرگانی ماددەی هۆشبەر و 184 کەسی دیکە بە تۆمەتی جیاواز دەستگیر کراون.
شەممە 31ـی کانوونی دووەمی 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاوی کردەوە، تەنیا لەم مانگەدا 16 کەس بە تۆمەتی تیرۆر دەسیگیر کراوە، هاوکات 34 بازرگانی ماددەی هۆشبەر و 7 کەسیش بەهۆی قاچاخچێتی لە سووتەمەنیدا دەستگیر کراون.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، 184 کەسی دیکە بە تۆمەتی جیاواز لەوانە، سەختەکاری، فێڵکردن، ئەندام لە بزووتنەوە ئایینییە توندڕەوەکان، بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای حزبی بەعس و قاچاغچێتی دەسگیر کراون.
بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیەنراوە و راگەیاندنی ئاماری دەسگیرکراون لەم مانگەدا، هاوکاتە لەگەڵ پێشهاتەکانی ناوچەکە بە گشتی و دۆخی سووریا بە تایبەتی، چونکە ئێستا بارودۆخی ئەمنیی سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگا دەنێت بە تایبەتی دوای راگەیاندنی گواستنەوەی ژمارەیەک لە داعشە زیندانییەکانی سووریا بۆ عێراق، هاوکات کۆکردنەوەی هێزێکی زۆری سوپای عێراق لە خاڵە سنوورییەکان ئاماژەیە بۆ هەبوونی مەترسی لە ناوچەکە، ئەم رووداوانەش هۆکاری زیادبوونی ژمارەی تاوانەکانە لە عیراق و دەرخەری هەبوونی مەترسی زیاترە بۆ سەر یاسایشی عێراق بە گشتی.