پزیشکیان: ههوڵی جهنگمان نهداوه و ههوڵیشی بۆ نادهین
سەرۆککۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی هەمیشە چارەسەری دیپلۆماسی لەپێشینەتر بووە لە جەنگ، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە واشنتن ناتوانێت لە رێگەی فشار و زۆردارییەوە ئامانجەکانی بپێکێت.
شەممە 31ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر رایگەیاند: جەنگ بە سوودی ئێران، ئەمریکا و تەواوی ناوچەکە نییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە کار بۆ پێکهێنانی رەوتێکی دیپلۆماسی بکرێت کە بە دوور بێت لە هەڕەشە و سەربەرزانە بێت.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی بەرپاکردنی هیچ جەنگێکی نەداوە و لە داهاتووشدا هەوڵی بۆ نادات.
سەبارەت بە شێوازی مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ تاران، پزیشکیان هیوای خواست لایەنی بەرانبەر بەو تێگەیشتنە گەیشتبێت کە بە هەڕەشە و زۆرداری ناتوانێت ئێران ناچار بە دانوستان بکات.
سەرۆککۆماری ئێران دووپاتی کردەوە کە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەمیشە چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە لەپێشینەتر بووە لە بژاردەی جەنگ، بە مەرجێک ئەو دیپلۆماسییەتە لەژێر سێبەری هەڕەشەدا نەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لەگەڵ ئێران لە دانوستان دان و چاوەڕێ دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئەنجامەکانی چۆن دەبێت، ترەمپ گوتیشی: جاری پێشوو لە دانوستان بووین، بەڵام ناچارکراین دامەزراوە ئەتۆمییەکان بۆردوومان بکەین.