ئەمریکا؛ بەهۆی سەرماوە 90 کەس گیانیان لەدەست دا
لە ئەنجامی ئەو شەپۆلی سەرما و بەستەڵەکەی بەشێکی گەورەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە تەکساسەوە تا نیوجیرسی گرتووەتەوە، تا ئێستا 90 کەس گیانیان لەدەست داوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوی فەرمیی حکوومەتی ئەمریکا، نیوەی ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە دانیشتووی ویلایەتەکانی تینیسی، میسیسیپی و لویزیانا بوونە و زۆربەیان لە سەرماندا رەق هەڵاتوون و هەندێکیشان بەهۆی هەڵمژینی گازی دووم ئۆکسیدی کاربۆنەوە مردوون.

دانیشتووانی ویلایەتەکانی رۆژهەڵاتی ئەمریکا، بە دڵەڕاوکەوە چاوەڕێی زریانێکی توند و بەفرێکی زۆر و لافاوی بەهێز دەکەن، کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوچەکانیان بگرێتەوە.
ئەم شەپۆلی سەرما و بەستەڵەکە، سەختترین شەپۆلە کە ئەمریکای گرتووەتەوە، پاش زریانە توندەکەی ساڵی 1994.
دووشەممەی رابردوو، زریانێکی گەورە بەشێکی زۆری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای گرتەوە و لە ئەنجامدا کارەبای زیاتر لە یەک ملیۆن کەس پچڕا و پتر لە 10 هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشایەوە.
شارەزایانی کەشناسی رایانگەیاند "ئەم زریان و بەستەڵەکە سێ یەکی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەگرێتەوە و زیاتر لە یەک هەفتە بەردەوام دەبێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، زریانەکەی بە 'مێژوویی' ناو برد و باری نائاسایی لە دوازدە ویلایەت راگەیاند.