ئەنەکەسە: رێککەوتنی حکوومەت و هەسەدە هەنگاوێکی گرنگە و پێویستی بە هەڵوێستی بەرپرسیارانە هەیە

سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەو ڕێککەوتنەی کە لە 30ـی کانوونی دووەمی 2026، لە نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کراوە، بەم شێوەیەی خوارەوە رادەگەیەنێت.

ئەنجوومەن ئەم رێککەوتنە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت کە پێویستی بە هەڵوێستی بەرپرسیارانە هەیە. هیوادارین رێککەوتنەکە بە شێوەیەکی جددی و بەردەوام جێبەجێ بکرێت، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ئازار و گرژییەکانی وڵات و ئاسانکاریکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان.

ئەنجوومەن ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ فەرمانی سەرۆکایەتی ژمارە 13 بە دەرفەت و دەروازەیەک دەبینێت بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانیی راستەقینە لە نێوان حکوومەت و نوێنەرانی گەلی کورد. ئامانجی ئەم دیالۆگەش بریتییە لە؛ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییە ڕەواکانی گەلی کورد. چاککردنەوەی هەموو ئەو ناڕەزایەتییە مێژووییانەی بەرانبەر کورد کراون. هەروەها چەسپاندنی ئەم مافانە لە دەستووری داهاتووی وڵاتدا.

ئەنجوومەن دووپاتی دەکاتەوە کلیلی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان، لە دەستەبەرکردنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریادایە. ئەمەش تەنیا لە رێگەی "هاوبەشی راستەقینە، دادپەروەری و یەکسانی" بەدی دێت. تەنیا بەم بنەمایانە دەتوانرێت ئاسایش و سەقامگیرییەکی بەردەوام و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ هەموو هاووڵاتیانی سووریا بەبێ جیاوازی مسۆگەر بکرێت.