قەدەغەی هاتووچۆ لە حەسەکە و قامشلۆ راگەیەندرا

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە کانتۆنی جەزیرە، بڕیاری دا قەدەغەی هاتووچۆ لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بۆ ماوەی دوو پیادە بکرێت. 

ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی هاووڵاتییان لەم قۆناغە هەستیارەدا دەرکراوە، تێیدا ناوچەکە بە گۆڕانکاریی ئەمنی و سیاسیی هەستیاردا تێدەپەڕێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی دەستەی ناوخۆ کە ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی شوباتی 2026 بڵاوکراوەتەوە، قەدەغەی هاتووچۆ لە شاری حەسەکە لە ڕۆژی دووشەممە 2ـی شوباتی 2026 جێبەجێ دەکرێت، لە کاتژمێر 6:00ـی بەیانییەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، هەروەها بۆ شاری قامشلۆ، بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆکە بۆ ڕۆژی سێشەممە 3ـی شوباتی 2026 دیاری کراوە، کە ئەویش لە کاتژمێر 6:00ـی بەیانی تاوەکو کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە دەخایەنێت.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جەختیان لە پێویستیی پابەندبوونی تەواوی هاووڵاتییان بە ناوەڕۆکی ئەم بڕیارە کردەوە و ڕایانگەیاند: پێویستە هەمووان ڕێز لە ڕێنماییەکان بگرن. 

ئاماژە بەوەش دراوە، هەر کەسێک سەرپێچیی بڕیارەکە بکات، رووبەڕووی لێپرسینەوە و رێکاری یاسایی توند دەبێتەوە، ئەم هەنگاوە ئەمنییە بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاوە تاوەکو هێزە ئەمنییەکان بتوانن بە باشترین شێوە ئەرکەکانیان لە پاراستنی ناوچەکە و هاووڵاتییاندا جێبەجێ بکەن.