وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: پێویستە ئێران دەرفەتی دانووستان بقۆزێتەوە

ژان نوێل بارۆ
ژان نوێل بارۆ

ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ڕایگەیاند: پێویستە تاران دەرفەتی ئێستای دانوستانەکان بقۆزێتەوە و ئامادەی سازش بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی.

 بارۆ جەختی لەوە کردەوە، پاریس چاوەڕوانی هەنگاوی کردەیی لە ئێران دەکات بۆ ئەوەی ڕێڕەوی دیپلۆماسی سەرکەوتوو بێت و ئاڵۆزییەکان کەم ببنەوە.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوایەکی ئاراستەی تاران کرد کە دەستبەجێ پڕۆسەی لەسێدارەدان و سەرکوتکارییەکان ڕابگرن، بارۆ ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە حکوومەتی ئێران تەواوی ئەو کەسانەی کە بە هۆکاری سیاسی یان لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا دەستگیرکراون ئازاد بکات، چونکە بەردەوامبوونی ئەو جۆرە رەفتارانە بەربەستی گەورە لەبەردەم پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات.
ئەم لێدوانانەی ژان نوێل بارۆ لە کاتێکدایە کە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران بەهۆی دۆسیەی مافی مرۆڤ و بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی ئەتۆمی رووی لە زیادبوون کردووە،فەرەنسا وەک یەک لە لایەنە سەرەکییەکانی یەکێتی ئەورووپا، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئێران ناچار بکات پابەندی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بێت، چاودێران پێیان وایە ئەم داوایەی پاریس پەیامێکی روونە بۆ تاران کە بەبێ چاکسازی لە ناوخۆ و نیشاندانی نەرمی لە دانوستانەکاندا، ناتوانێت لەو گۆشەگیرییە دیپلۆماسییەی تێیکەوتووە ڕزگاری بێت.