ئەکسیۆس: کۆتایی ئەم هەفتەیە بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێران لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کۆببنەوە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا، قەتەر و میسر ڕۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن و لە هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی ئەم دیدارە. بڕیار وایە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کۆببێتەوە. ئاماژە بەوەش دراوە، ئیدارەی ترەمپ پێشتر لە ڕێگەی چەند کەناڵێکی پەیوەندییەوە ئارەزووی خۆی بۆ ئەنجامدانی دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتن بە تاران گەیاندووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سەرەڕای گرژییەکان، دۆناڵد ترەمپ تاوەکوو ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی بۆ هێرشکردنەسەر ئێران نەداوە. سەرچاوەکان دووپاتی دەکەنەوە کە سەرۆکی ئەمریکا ئێستا ئامادەیە کێشەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکات و کۆبوونەوەکەی ئەنقەرە وەک هەنگاوێکی سەرەکی لەو چوارچێوەیەدا دەبینرێت.

ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییە نوێیە لە کاتێکدایە، کە چاوەڕوان دەکرێت گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ئارامی و دۆخی سیاسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت.