شۆفێرانی تاکسی لە کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد
شۆفێرانی تاکسی لە کەرکووک دژی کاراکردنی ئەپڵیکەیشنێک کە بە رێگەی ئۆنلاین تاکسی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان دابین دەکات، ناڕەزایەتییان دەربڕی، شۆفێران دەڵێن ئەمە فێڵێکە لە شۆفێرانی تاکسی دەکرێت، هاتوچۆی کەرکووکیش دەڵێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەدواداچوون دەکەن.
ماوەی چەند رۆژێکە ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت بە دابینکردنی تاکسی بۆ هاووڵاتییان لە کەرکووک کارا کراوە، ئەمەش ناڕەزایەتی شۆفێرانی تاکسی لێکەوتووەتەوە، بە گوتەی شۆفێرانی تاکسی، لەم ئەپلیکەیشنەدا سەدان ئۆتۆمبیلی تایبەت و گران بەها تۆمارکراون، هاوکات نرخی گواستنەوەی هاووڵاتییانیان کەمکردووەتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر کار و داهاتی رۆژانەی شۆفێرانی تاکسی لە کەرکووک دروست کردووە.
"بەلی" ناوی ئەپڵیکەیشنەکەیە و لە رێگەی مۆبایکەوە هاووڵاتی دەتوانێت داوای تاکسی بکات، هەرزانی و جۆری بەشێک لە ئۆتۆمبیلەکان شۆفێرانی تاکسی نیگەران کردووە، دەڵێن،"قبوڵمانە بە مەرجێک دەبێت ئەو ئۆتۆمبیلانەی لەو ئەپڵیکەیشنەدا تۆماردەکرێن، تاکسی بن نەک تایبەت.
بەشێک لە شۆفێرانی تاکسی قسەیان بۆ کوردستان24 کردووە و دەڵێن،"چۆن دەبێت ئۆتۆمبێلی تایبەت کاری گواستنەوەی سەرنشین بکات، ئێمە تاکسیمان هەیە و ژیان و بژێویمان لەسەر ئەم کارەیە، کەسانێک کە پێویستیان بە پارەی ئەم کارە نییە چاویان بڕیوەتە بژێوی ژیانمان".
ئەپڵیکەیشنەکە کۆمپانیایەک لە بەغداوە بەڕێوەی دەبات و لقیان لەشارەکانی عێراق هەیە، بەڵام ئامادەنین قسەی لەسەر بکەن، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کەرکووکیش دەڵێت،" بەدواداچوون دەکەن بۆ کێشەکە و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن".
لەمبارەیەوە عەمید عامر نەریمان، گوتەبێژی هاتوچۆی کەرکووک بەکوردستان24ـی گوت،"دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبیلانەدا دەگرن کە بە نایاسایی کاری گواستنەوەی سەرنشین دەکەن کە ماوەکەی نزیکەی 10 رۆژ دەبێت، هاوکات سزای پێبژاردنیان بەسەردا دەسەپێنن، ئاماژەی بەوەشکرد،"داوا لە هاووڵاتییان دەکەین ئەگەر ئەو ئەپڵیکەیشنە بەکاردەهێنن داوای تاکسی بکەن، نەک ئۆتۆمبیلی تایبەت، چونکە نایاساییە و بۆ کەسایەتی ئەو کەسانەش گونجاو نییە کە دەیانگوازنەوە بە تایبەت ئافرەتان، هەروەها ئەم کارە زیان بە بژێوی ئەو کەسانەش دەگەێنێت کە تاکسیان هەیە و رۆژانە لە ناو شاردا کار دەکەن".
بەهۆی نەبوونی چاودێری و رێک نەخستنەوەی کاری تاکسییەکان لەلایەن سەندیکاکانی گواستنەوەو لایەنە پەیوەندیدارەکان، زۆربەی ئەوانەی کاری تاکسی دەکەن ئیشی دووەم یان سێیەمیانە.
هاتنی بەلێشاوی خەڵکی شارەکانی دیکەی عێراق و نیشتەجێبوونیان لە شارەکە و کارکردنیان وەکو شۆفێری تاکسی، کێشەیەکی دیکەی شۆفێرانی تەکسییە لە کەرکووک، بەوتەی شۆفێرانی تاکسی شارەکە زۆربەیان لەپاڵ ئیشەکانی خۆیان شۆفێری تاکسین، ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر ئیش و کاریان درووستکردووە.