کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پاداشتی دارایی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان دابەش دەکات
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، دەستیان بە دابەشکردنی پاداشتی دارایی بۆ ئەو کارمەندانە کردووە کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ئەرکی سەر سندوقەکانیان لە ئەستۆ بوو.
پڕۆسەکە لە رێگەی دابەشکردنی کارتی بانکیی (ماستەر کارد) بەسەر نووسینگەی پارێزگاکاندا بەڕێوەدەچێت، ئەوەش دوای هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بانکی رافیدەین بۆ گەرەنتیکردنی گەیشتنی شایستە داراییەکان بە شێوەیەکی سەلامەت.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمسیۆن، تاوەکو ئێستا کارتی بانکیی حەفت پارێزگا رەوانەی نووسینگەکان کراون کە بریتین لە (کەرکوک، دهۆک، بەسرە، بابل، هەولێر، میسان و نەجەف).
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆسەی رادەستکردنی کارتەکان بە پارێزگاکانی دیکەش بەردەوام دەبێت و هاوکات بڕە پارەکان بەدوای یەکدا دەخرێنە سەر هەژماری کارمەندان تاوەکو بتوانن پاداشتەکانیان وەربگرن.
سەبارەت بە لایەنی کارگێڕی و پێدانی نووسراوی سوپاس و پێزانین بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت، عەلی ساڵح ساعدی، بەڕێوەبەری گشتیی دارایی کۆمسیۆن ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە 30/12/2025 بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، لەگەڵ نووسراوەکەدا ناوی هەموو کارمەندەکان بە شێوەی دیجیتاڵی هاوپێچ کراوە تاوەکو ڕێکارەکانی پێدانی سوپاس و پێزانینەکە تەواو بکرێت.
کۆمسیۆن دووپاتی کردەوە، بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون تا ئەو کاتەی هەموو کارمەندان تەواوی شایستە دارایی و مەعنەوییەکانیان پێ دەگات.