دەزگای خێرخوازیی بارزانی راپۆرتی نوێی چالاکییەکانی لە رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕاپۆرتی ژمارە 9ـی خۆیدا، ئاماری گشتگیری کار و چالاکییە مرۆییەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.
بەپێی داتاکان کە تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی 1ـی شوباتی 2026 ئەژمار کراون، دەزگاکە توانیویەتی کاروانێکی فراوانی هاوکاری کە لە 314 بارهەڵگر پێکهاتووە، بگەیەنێتە ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستان و خزمەتگوزارییەکانی بگەیەنێتە ناو قوتابخانە و مزگەوتەکان کە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێن.
دابینکردنی خۆراک و سووتەمەنی بۆ لێقەوماوان
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویانە 51 هەزار و 141 ژەمە خۆراکی گەرم ئامادە بکەن و لە 241 قوتابخانە و 15 مزگەوتدا بەسەر ئاوارەکاندا دابەشی بکەن.
هاوکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرمای زستان، بڕی 325 هەزار و 582 لیتر سووتەمەنی (مازۆت) بۆ 8 هەزار و 908 خێزان دابینکراوە، کە لە ناو 234 قوتابخانە و 12 مزگەوتدا جێگیر کراون.
جگە لەمانە 8 هەزار و 899 خێزانی دیکە لە هاوکاریی جۆراوجۆری وەک پێداویستی ناوماڵ و کەلوپەلی زستانە سوودمەند بوون.
خزمەتگوزاریی تەندروستی و هێزی کار
لە رووی تەندروستییەوە، تیمە پزیشکییەکانی دەزگاکە لە ناو 65 قوتابخانەدا خزمەتگوزارییان پێشکەش کردووە و تا ئێستا 4 هەزار و 854 کەس پشکنین و چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجامدراوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە مرۆییە گەورەیە لە ڕێگەی 630 کارمەند و کرێکاری دەزگاکەوە بەڕێوە دەچێت کە لە شار و شارۆچکەکانی (قامشلۆ، دێرک، حەسەکە، گڕکێ لەگێ، تربەسپی، عاموودا و دەرباسییە) بە شێوەیەکی مەیدانی خەریکی گەیاندنی کۆمەکەکانن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک یەکێک لە ڕێکخراوە مرۆییە پێشەنگەکانی ناوچەکە، لە کاتی قەیران و کارەساتەکاندا هەمیشە وەک یەکەمین لایەنی فریاگوزار دەردەکەوێت، ئەم هەڵمەتە نوێیەی دەزگاکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوون بووەوە و ژێرخانی خزمەتگوزارییەکان بە تەواوی پەکیکەوت، جێگیربوونی تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ناو قوتابخانە و مزگەوتەکان، رۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە رێگریکردن لە کارەساتی مرۆیی و دابینکردنی لایەنی کەم لە پێداویستییەکانی ژیان بۆ هەزاران خێزانی لێقەوماو.