چاودێری بازرگانی: لە مانگێکدا 22 تۆن کاڵای ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە
بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی هەولێر ئاماری چالاکییەکانی مانگی یەکی ساڵی 2026، بڵاوکردەوە و هۆشدارییەکی توندیش دەداتە ئەو بازرگانانەی هەوڵی قۆرخکاری و گرانفرۆشی دەدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24 رایگەیاند: "تیمەکانمان بە شێوەیەکی مەیدانی و بەردەوام لە نێو بازاڕەکاندان. دوای کردنەوەی دەرگای هاوردەکردن لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، هەر بازرگانێک هەوڵی ئیستیغلالکردنی بازاڕ بدات یان بە نایاسایی نرخەکان بەرز بکاتەوە، رووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە."
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی جەختی کردەوە؛ کارەکانیان لەم قۆناغەدا لەسەر چوار تەوەرەی سەرەکی چڕ دەبێتەوە؛ رێگریکردن لە قۆرخکاری، کۆنتڕۆڵکردنی کاڵای ماوەبەسەرچوو، چاودێری کوالێتی و رێگریکردن لە گرانفرۆشی بێ پاساو.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەست بەڕێوەبەرایەتییەکە کەوتووە، لە ماوەی نێوان 1ـی کانوونی دووەمی 2026 تاکو 31ـی کانوونی دووەمی 2026 ئەم چالاکییانە ئەنجام دراون؛ لیژنەکان 1،020 سەردانیان بۆ شوێنە جیاجیاکان ئەنجامداوە، کە زۆرترینیان بۆ سەر مارکێتەکان بووە بە412 سەردان. هەروەها بەهۆی سەرپێچییەکانەوە 82 سزا تۆمار کراوە و 8 شوێنیش بەهۆی پابەند نەبوون داخراون. بڕی 25 ملیۆن دینار و ،26،000 هەزار دینار وەک سزای دارایی وەرگیراوە. هەروەها تیمەکان توانیویانە دەست بەسەر22 تۆن کەل و پەلی ماوەبەسەرچوودا بگرن و رێگری لە فرۆشتنیان بکەن. لەگەڵ بڕی 442،000 لیتر غاز بەسەر نانەواخانە و سەموونخانەکاندا دابەش کراوە بۆ جێگیرکردنی نرخی نان.
هۆگر عەلی دووپاتی کردەوە، لیژنەکانیان بەردەوامن لە تۆمارکردنی سەرپێچییەکان و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئاماری وردتر بۆ ڕای گشتی دەخرێتەروو، تاوەکو هاووڵاتیان لە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ پاراستنی سەقامگیری بازاڕ و تەندروستی گشتی دڵنیا بن.