ڤیکتۆریا تەیلەر: نابێت لەسەر کەسێک پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق تێکبچێت
جێگری یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کە باڵیۆزی ئێستای ئەمریکا لە تورکیا دەبێتە نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق. ڤیکتۆریا تەیلەر لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتیشەوە دەڵێت، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی تێگەیشتوون کە دەبێت سەرۆک وەزیرانێک بێنن ڕەزامەندی هەردوو لای (ئەمریکا و ئێران)ی لەسەر بێت، چونکە مێژووی مالیکی پڕە لە شکست و زەمینەخۆشکردن بۆ تیرۆر، لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستانیشەوە دەڵێت: ترەمپ پاڵپشتی ئەحمەد شەرع دەکات، بۆیە دەبێت هەسەدە خۆی لەگەڵ واقیعی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕابهێنێت و بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت سازش بکات.
دووشەممە 2ـی شوباتی 2026، ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە کوردستان24ی ڕایگەیاند، ئاگربەستی نیوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ داهاتوو، هیواشی خواست ئاگربەستەکە درێژە بکێشێت و گەرەنتی ئەمنی بۆ ناوچەکە دابین بکات.
گوتیشی: هەندێک نیگەرانی لەسەر ڕۆڵی ئەمەریکا لە سووریا هەیە، بەتایبەت کە سەرەتا نەیتوانی وەک پێویست فشار لە دیمەشق بکات، توندوتیژییەکان و پێشێلکارییەکان بەرانبەر مافی هاووڵاتییان ڕابگرێت، بەڵام ئێستا تا ڕادەیەک هەوڵی داوە نێوانگیری بکات و مافی کورد لە سووریا پارێزراو بکات.
لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا باسی لەوە کرد، دەبێت هەسەدە دان بەوەدا بنێت، چونکە دەبێت خۆیان بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لە ئەستۆ بگرن و لە حکوومەتی داهاتووی سووریا ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبێت.
سەبارەت بەو نیگەرانییانەی کە باس لە پشتکردنی ئەمریکا لە کورد، ڤیکتۆریا تەیلەر گوتی: لە نیو ئیدارەی ئەمریکا فشارێکی زۆر هەبوو کە سەربازەکانی لە سووریا کەم بکاتەوە، هاوکات ترەمپ پشتگیرییەکی زۆری ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دەکات، بۆیە ئەمە وای کرد توانای هەسەدە کەم ببێتەوە و ئەو نیگەرانییە دروست بێت. دەشڵێت: سەرەڕای ئەوەش، لە کۆنگرێسی ئەمەریکا پاڵپشتییەکی زۆر بۆ کورد هەیە، بۆ ئەوەی مافەکانیان لە سووریا پارێزراو بێت، بەڵام دەبێتە هەموو لایەک بەتایبەت هەسەدە سازش لەسەر هەندێک خاڵ بکەن.
لەبارەی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ عێراق، جێگری یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئاماژەکان بەو شێوەیەن تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە لە سووریا و لوبنان، ئەو بەرپرسیارییە هەڵبگرێت، گوتیشی: بەڕاک کەسێکی زیرەکە و ئەزموونێکی زۆری هەیە لەگەڵ عێراق.
ڤیکتۆریا تەیلەر ئاماژەشی دا، هەڵوێستە ئەمریکا بەرانبەر نووری مالیکی جێگای سەرسوورمان نییە، چونکە ئەو مێژوویەکی خراپی لەو پێگەیە هەیە، لە کابینەی ئەو، ڕێگە بۆ داعش خۆشکرا و شەڕی تائیفی سەری هەڵدا.
هەروەها باسی لەوەش کرد، قسەی لەگەڵ چەند سەرچاوەیەک لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە، کە هەموویان هاوڕان، سەرۆک وەزیرانێک هەڵبژێرن کە ڕەزامەندی ئێران و ئەمریکای لەسەر بێت؛ دەشڵێت: پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق لەوە گرنگترە کە لەسەر کەسێک تێکبدرێت، پێشم وایە ئەگەر مالیکی هەڵبژێرنەوە، ئەوا مەترسییەکی زۆر گەورە ڕوو لە عێراق دەکات و کە چارەسەرکردنی زۆر قورس دەبێت.