سلێمانی.. سەعید ئیسماعیل بە 21 تابلۆ پێشانگەی تایبەتی خۆی کردەوە
سەعید ئیسماعیل، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، نوێترین پێشانگەی تایبەتی خۆی لە کارگەی کولتووری گەلەری ئێستا لە سلێمانی کردەوە. ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، "ئەمە نۆیەمین پێشانگەی تایبەتی منە و لە رێگەی ئەم کۆمەڵە تابلۆیەوە، هەوڵم داوە لایەنە جیاوازەکانی پەیوەندیی مرۆڤ بە فەزا و ژینگەی دەوروبەرییەوە بخەمەڕوو."
هەینی، 16ی تشرینی یەکەمی 2026، سەعید ئیسماعیل، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "پێشانگەکەم لە 21 تابلۆ پێکدێت کە هەریەکەیان قەبارە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. لە دروستکردنی ئەم تابلۆیانەدا، کەرەستەی جۆراوجۆرم بەکارهێناوە و هەوڵم داوە لە رێگەی تێکەڵکردن و بەکارهێنانی ئەو کەرەستانە، شێوەیەکی تایبەت بە کارەکانم ببەخشم."
سەعید ئیسماعیل سەبارەت بە تابلۆکانی پێشانگەکەی گوتی، "هەروەها، کۆمەڵێک کەرەستەی تایبەت بە شێوازی کاری خۆمم بەکارهێناوە، هەر یەکەیان رۆڵێکی گرنگیان لە تەواوکردن و دەوڵەمەندکردنی تابلۆکاندا هەیە. هەموو ئەو کەرەستانە بە شێوەیەکی هۆشیارانە هەڵبژێردراون، بۆ ئەوەی لەگەڵ بیرۆکە و پەیامی هەر تابلۆیەک بگونجێن و یارمەتی گەیاندنی مەبەستی هونەرییەکەی بدەن."

ئەو شێوەکارە باسی لەوەش کرد، "ئەمە نۆیەمین پێشانگەی تایبەتی منە و لە رێگەی ئەم کۆمەڵە تابلۆیەوە، هەوڵم داوە لایەنە جیاوازەکانی پەیوەندیی مرۆڤ بە فەزا و ژینگەی دەوروبەرییەوە بخەمەڕوو. پەیامی تابلۆکانم تەنیا لە سنووری پیشاندانی شێوە و رووکاردا نامێنێتەوە، بەڵکو باس لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و ئەو شوێنە دەکات تێیدا دەژی، هەروەها ئەو کەرەستانەی دەوروبەری و ئەو شتانەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە."
سەبارەت بە بەکارهێنانی کەرەستە جۆراوجۆرەکان لە تابلۆکانی دا، سەعید ئیسماعیل دەڵێت، "بەکارهێنانی کەرەستە جۆراوجۆرەکان لە تابلۆکانمدا بەشێکی گرنگی ئەزموونی هونەریی منە؛ چونکە هەر کەرەستەیەک دەتوانێت واتا و هەستێکی جیاواز هەڵبگرێت و لەگەڵ بیرۆکەی سەرەکیی کارەکەدا پەیوەندی دروست بکات. لە رێگەی ئەم شێوازەوە، هەوڵم داوە تابلۆکانم تەنیا وەک بەرهەمێکی بینراو نەبن، بەڵکو ببنە هۆی ئەوەی بینەر بیر لە پەیوەندیی خۆی بە فەزا، کەرەستەکان و جیهانی دەوروبەری بکاتەوە."

سەعید ئیسماعیل، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لەساڵی 1972 لە کەركووك لەدایکبووە. هونەرمەندێکی شێوەکار و مامۆستایە و دانیشتووی شاری سلێمانییە. دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی لە 1994 و بروانامەی بەکالۆریۆسی لە هونەرە جوانەکاندا لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە لە 2014. لە ئێستادا مامۆستایە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی و ئەندامی هەردوو سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و سەندیکای هونەرمەندانی عێراقه.ناوبراو لە ساڵی 1994 بە بەردەوامی لە بوارەکەیدا کار دەکات؛ 8 پێشانگەی تایبەتی لە عێراقدا کردۆتەوە و بەشداری زیاتر لە 100 پێشانگەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کردووە لە وڵاتانی ژاپۆن، نەمسا، میسر، یۆنان و ئوردن. چالاکییە مرۆڤدۆستییەکانی بریتیبوون لە بەخشینی تەواوی بەرهەمەکانی پێشانگەیەکی تایبەتی بە نەخۆشخانەی هیواى تایبەت بە شێرپەنجە. لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خەڵاتکراوە و زیاتر لە 10 بروانامەی رێزلێنان و دوو خەڵاتی باشترین پۆستەری لە رێکخراوی کەمئەندامان وەرگرتووە."

