شەقامی عێراقی لەبەردەم هەڕەشەکانی ئەمریکادا بەسەر دوو بەرە دابەش بووە
هەڕەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە پرسی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، شەقامی عێراقی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە؛ بەرەیەک لە هەرەسهێنانی ئابووری دەترسێت و بەرەکەی دیکە پشت بە حەشدی شەعبی دەبەستێت، لە کاتێکدا لایەنە شیعەکان رەتی دەکەنەوە لەژێر فشاردا کاندیدەکەیان بگۆڕن.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغداوە ڕایگەیاند، ئەگەری سەپاندنی سزای ئابووری لەلایەن واشنتنەوە ئەگەر بەغدا گوێڕایەڵی داواکارییەکان نەبێت، ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە دڵی هاووڵاتییان و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕ دروستکردووە.
حوسێن جەبار، کە کاسبکارێکی شاری بەغدایە بە نیگەرانییەوە باس لە دۆخەکە دەکات و دەڵێت: هەڕەشەکانی ئەمریکا کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر بازاڕ، ئێمە مووچەمان نییە و بازاڕیش بەتەواوی کز بووە.
لە بەرانبەر ئەو ترسەدا، دەنگێکی دیکە لە شەقامی عێراقیدا هەیە کە بانگەشەی بەرەنگاربوونەوە دەکات. نووری جاسم، مامۆستایەکی خانەنشینە لە گۆڕەپانی تەحریرەوە بە کوردستان24ی گوت، هەڕەشەکانی ئەمریکا کاریگەریان نابێت و گوێی پێنادەین، ئێمە خاوەنی کەسانی ئازاین لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کە لە هەموو شوێنێک بەرگرییان لە عێراق کردووە.
لە ئاستی سیاسیشدا، چوارچێوەی هەماهەنگی و دەوڵەتی یاسا سوورن لەسەر ئەوەی کە گۆڕینی کاندیدەکەیان نووری مالیکی بەهۆی فشاری دەرەکییەوە، گورزە لە دیموکراسی.
حوسێن بەتات، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: ئەگەر دەستوەردانی دەرەکی قبووڵ بکەین، ئەوا بەها بۆ دیموکراسی نامێنێتەوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکاری لە کاندیدی سەرۆک وەزیران ناکەین. لایەنە شیعەکان پێیان وایە نەنگییە بەهۆی هەڕەشەکانەوە کاندیدەکەیان بکشێننەوە.
تا ئێستا پەرلەمانی عێراق نەیتوانیوە گرێکوێرەی سەرۆک وەزیران بکاتەوە، جەنجاڵی شەقامەکانی بەغداش بووەتە ئاوێنەیەک بۆ دۆخە سیاسییە ئاڵۆزەکە کە دیار نییە کێ دەرگای ئەنجوومەنی وەزیران دەکاتەوە.