رۆهێلات عەفرین: یەکگرتوویی هەر چوار پارچەی کوردستان پلانگێڕییەکانی پووچەڵ کردەوە

فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، رایگەیاند کە ئەو هێرشە غەدار و پلانگێڕییانەی دەکرێنە سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد، بە هۆی یەکدەنگی و بەرخودانی گەل لە هەر چوار پارچەی کوردستان تێکشکێنراون. جەختی لەوە کردەوە کە یەپەژە وەک هێزێکی پێشەنگی ژنان، تا کۆتایی پابەندە بە پاراستنی خاک و دەستکەوتەکانی شۆڕش و ڕێگە نادەن هیچ هێزێکی داگیرکەر ئیرادەی گەل بشکێنێت.

دووشەممە 2ی شوباتی 2026، رۆهلات عەفرین، فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند کە ئەو هێرش و پلانگێڕییە دڕندانەیەی کرایە سەر رۆژئاوای کوردستان، بەهۆی بەرخودانی مێژوویی و یەکدەنگیی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەوە و نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێت.

لە پەیامەکەیدا، عەفرین سڵاوێکی گەرمی ئاراستەی گەلی باشووری کوردستان کرد و ستایشی ئەو هەڵوێستە نەتەوەییەی کرد کە لە بەرانبەر هێرشەکاندا نیشانیان داوە. ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکان تەنیا کردەیەکی سەربازی نەبوون، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکان، کولتوور، زمان و ناسنامەی گەلی کورد، بەڵام وەڵامی گەل و بەرخودانی شەڕڤانان سەلماندی کە کوردستان یەک پارچەیە و ئیرادەی گەل ناشکێت.

فەرماندەی یەپەژە جەختی لەوە کردەوە، بەرخودانی نیشان دراو، بەتایبەتی پێشەنگایەتیی ژنان، بووەتە هۆی ئەوەی دوژمن نەگاتە ئامانجەکانی. هەروەها گوتی: ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک، پێویستە خاوەنداری لە خۆمان بکەین و خۆمان بپارێزین. یەکێتیی ئێمە گەورەترین هێزە.

رۆهلات عەفرین بەڵێنی دا، وەک یەکینەکانی پاراستنی ژنان تا دوا هەناسە درێژە بە تێکۆشان و پاراستنی خاک و کەرامەتی گەلەکەیان دەدەن و رایگەیاند، ئێمە هەرگیز تەسلیمبوون و داگیرکاری قبووڵ ناکەین، رێگەی ئێمە یان سەرکەوتنە یان سەرکەوتن. پەیامەکەی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی پێ هێنا وەک هێمایەک بۆ بەردەوامیی شۆڕشەکەیان.