لە ژاپۆن دەیان کەس بەهۆی بەفرەوە گیانیان لەدەستدا
بەرپرسانی ژاپۆن، ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، رایانگەیاند، ماوەی دووهەفتەیە بەفرێکی زۆر لە وڵاتەکەیان باریووە، کە بەهۆیەوە 30 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان ئافرەتێکی تەمەن 91 ساڵە و کەوتووەتە ژێر سێ مەتر بەفر.
حکوومەتی ژاپۆن هێزی سەربازی بۆ هاوکاریکردنی دانیشتووانی ناوچەی ئاومۆری بڵاوکردەوە کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، ئاماژە بەوەکراوە تاوەکوو ئێستا 4.5 بەفر لە ناوچە دوورەکان باریووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، سەنای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد و وەزیرەکان راسپارد کە هەموو هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە گیانلەدەستدان و رووداوەکان بدەن.
ماوەی دووهەفتەیە شەپۆلێکی سەرماوسۆڵەی توند ژاپۆنی گرتووەتەوە بەفرێکی زۆر باریووە و هەندێک ناوچە زیاتر لە دوو هێندەی ئاسایی بەفر باریووە.
فەرمانگەی بەڕێوەبردنی کارەسات و ئاگرکوژێنەوە بڵاویکردەوە، لە 20ـی مانگی یەکەوە تا ئێستا 30 بەهۆی بەفربارینەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسێکی پۆلیسی ناوچەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لە نێو قوربانییەکان کینا جین تەمەن 91 ساڵ هەبووە، کە تەرمەکەی لە ژێر بەفردا لە ماڵەکەی خۆی لە ئاجیگاساوا لە پارێزگای ئاومۆری دۆزراوەتەوە.
سۆیچیرۆ میاشیتا، پارێزگاری پارێزگای ئاومۆری رایگەیاند، داوای لە سوپای وڵاتەکەی کردووە هاوکاری فریاگوزاری پێشکەش بکەن، هەروەها داوای لە سەربازەکان کردووە هاوکاری ئەو کەسە بەساڵاچوانەی ناوچەکە بکەن کە بەتەنیا دەژین و پێویستیان بە هاوکاری هەیە بۆ لابردنی بەفر.