مێژووی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا؛ لە قەیرانی بارمتەکانەوە بۆ سەردەمی پزیشکیان
ئەمڕۆ، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بەفەرمیی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاند و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ ئامادەکاریی دانوستانەکە دەستنیشان کرد.
یەکەم دانوستانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1981 بەرێوەچوو و تەوەری دانوستانەکەش ئازادکردنی پەنجا دیپلۆمتکاری ئەمریکی بوو کە لە باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە لە تاران بە بارمتە گیرابوون. دانوستانەکان لە جەزائیر بەڕێوە چوون. ئێران و ئەمریکا راستەوخۆ و بە ئاشکرا دانوستانیان کرد و لە ئەنجامدا بارمتەکان دوای 444 رۆژ، دیلیی، ئازاد کران.
لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، ئەمریکا بە مەبەستی دابینکردنی چەک بۆ ئێران لە دژی عێراق، سکرتێری ئاسایشی نیشتمانیی خۆی ناردە تاران. دانوستانەکانی تارانیش بە شێوەی راستەوخۆ و نهێنی بەڕێوە چوون، بەڵام لە ئەنجامی دەستوەردانی ئیسرائیلدا شکستیان هێنا.
لە دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی یازدەی سێپتەمبەر، ئێران و ئەمریکا لە ساڵانی 2001 و 2003 و بەر لە دەستپێکردنی جەنگەکانی ئەفغانستان و عێراق، لە ئەڵمانیا و واشنتن دانوستانیان کرد.
دانوستانەکان لە ئاستی دیپلۆمتکارانی وەزارەتی دەرەوەدا بە شێوەی راستەوخۆ و بە نهێنی بەڕێوە چوون و لە ئەنجامدا ئێران بە یارمەتیدانی ئەمریکا خۆی لە تێوەگلان لە جەنگ پاراست.
لە ساڵانی 2012 تا 2015، دوو وڵات، چەندین گەڕی دانوستانیان تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئیران، لە عوممان و ڤیەننا بەڕێوە برد. دانوستانەکان راستەوخۆ لە ئاستی وەزارەتی دەرەوەدا سەرەتا بە نهێنی و دواتر بە ئاشکرا بەڕێوە چوون.
لە ئەنجامدا ساڵی 2015 رێککەوتننامەی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکدا واژۆ کرا.
لە ساڵانی 2021 تا 2023، سێ گەڕی دانوستان لە نێوان ئێران و کابینەی جۆ بایدندا بەڕێوە چوو بۆ مەبەستی زیندووکردنەوەی ئەو رێککەوتننامەی ئەتۆمییەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 دا لێی کشابووەوە. ئەم دانوستانانە لە ڤیەننا و دەوحە بەڕێوە چوون.
دانوستانەکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بەڵام بە ئاشکرا بوون و هیچ ئەنجام و دەسکەوتێکیان لێ نەکەوتەوە.
دوایین گەڕی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئیران لە مانگەکانی نیسان و ئایاری ساڵی ڕابردوو، لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بوو. پێنج گەڕی ئەم دانوستانانە لە عومان و ئیتالیا بەڕێوە چوون. دانوستانەکان بە شێوازی ناڕاستەوخۆی ئاشکرا بوون بەڵام بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و دەستپێکردنی جەنگی 12 رۆژە، شکستی دانوستانەکانیش راگەیاندرا.