هونەرمەند فوئاد عەبدوڵڵا: دەمەوێت پەیامی زیندوویی گەلی کورد بگەیەنم
فوئاد عەبدوڵڵا، هونەرمەندی پەیکەرساز، لەم چاوپێکەوتنە تایبەتەدا، تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی خۆی لەبواری پەیکەرسازی و باس لە دروستکردنی نوێترین پەیکەری خۆی دەکات و دەڵێت: پەیکەرێکم دروست کردووە بۆ هاودەنگ و یەکدەنگیی گەلی کورد، بە ناوی 'هێزی یەکگرتن'.
سێشەممە، 3ی شوباتی 2026، فوئاد عەبدوڵڵا، هونەرمەندی پەیکەرساز، دەربارەی ئەزموونی خۆی لە هونەری پەیکەرسازیدا، بە کوردستان24ـی گوت: هونەر لای من، ئامرازێکە بۆ ئەوەی بێدەنگی بشکێنم. لە ماوەی 15 ساڵی کارکردنمدا، هەوڵم داوە پەیکەرەکانم تەنیا تەنێکی بێگیان نەبن، بەڵکو ببنە پارچەیەک لەو خاک و مێژووەی کە لێیەوە هاتوون.
وەک پەیکەرسازێک، هەمیشە هەوڵم داوە جەستەی مرۆڤ و کەرەستە رەقەکان بکەمە زمانێک بۆ گێڕانەوەی ئەو داستان و ڕووداوە مێژووییانەی کە بەسەر گەلی کورددا هاتوون. پرۆژە هونەرییەکانی من گەڕانێکی بەردەوامن بەدوای ئاوێتەکردنی رەمزە کولتورییەکان و ناسنامەی نەتەوەیی لەناو قاڵبێکی هاوچەرخدا، تا بتوانم ئازار و شکۆی مرۆڤی ئەم خاکە بە جیهان بناسێنم.
فوئاد عەبدوڵڵا، گوتیشی: لە کاروانی 15 ساڵەی هونەریمدا، شانازیم کردووە بەوەی لە چەند پێشانگەیەکی هاوبەش کارەکانم براوەی خەڵاتی شایستە بوون، وەکوو خەڵاتی یەکەم لەسەر ئاستی هونەرمەندانی کوردستان. خەڵاتی دووەم لەسەر ئاستی هونەرمەندانی کوردستان و عێراق. خەڵاتی یەکەم لە دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی عەفرین لە ئەڵمانیا، کە تێیدا 40 هونەرمەند لە 12 وڵاتی جیاوازەوە تێیدا بەشدار بوون.
ئەو هونەرمەندە، باس لە پەیکەرسازی باش دەکات و دەڵێت: پەیکەرسازی باش، زۆرجار بە تێکەڵەیەک لە شارەزایی تەکنیکی و زیرەکی و ژیانەوە بۆ ماددە بێگیانەکان پێناسە دەکرێت.
پەیکەرتاشێکی گەورە تێ دەگات کە چۆن کێش و هاوسەنگی و قەبارە پێکەوە کاردەکەن، جا چ بە شێوازێکی واقیعی کار بکەن یان فۆرمی مرۆڤی ئەبستراکت دەکەن یان هەر هونەر و شێوازێکی تری کاری پەیکەرسازی.
ماتریاڵ لای پەیکەرساز، وەک وشە و رستە وایە لای نووسەر، ئەگەر شارەزایی نەبێت ناتوانێت ئەو هاوارە، یان ئەو ئازارە کە هەستی پێ کردووە بە دروستی بیگوازێتەوە ناو ماددە.
فوئاد عەبدوڵڵا، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: چەند پەیکەرێکم لە شوێنە گشتیەکاندا دانراوە وەکو، پەیکەری شەهید عەبدولرەحمان میرزا حەسەن، لە هەڵەبجە. پەیکەری هونەرمەند ئەکرەمی میوزیکژەن، لە پارکی ئازادی لە سلێمانی. پەیکەری مێژووی ژنە جوو، لە هەولێر. پەیکەری وشیار بیاوێڵەیی، ناسراو بە وشیاری مین، پەیکەرەکە تەواو بووە، بەڵام تا ئێستە لە هەڵەبجە جێگەیەکی بۆ دەستنیشان نەکراوە دابنرێت.
دەربارەی ئەوەی کە پەیکەرەکانی گوزارشت لە چی دەکەن؟ ئەو هونەرمەندە دەڵێت: کارە هونەرییەکانم گەشتێکی بەردەوامن لە نێوان رەهەندە مرۆیی، نەتەوەیی و فەلسەفییەکاندا. هەر پارچە پەیکەرێک لای من، تەنیا تەنێکی بێگیان نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ بەنەمرکردنی ساتەوەختەکان و گۆڕینی بیرۆکە دابڕاوەکان بۆ قەبارەیەکی بەرجەستە کە دەستی لێ بدرێت و هەستی پێ بکرێت.
هونەری من تێکەڵەیەکە لە شکۆی مێژوو و ئازاری ئێستە. کاتێک پەیکەری شاعیرێک یان شەهیدێک دادەتاشم، یان کاتێک جەستەی ژنێک بە ناتەواوی جێ دەهێڵم، دەمەوێت پەیامێک بگەیەنم کە مێژووی ئێمە هێشتا زیندووە و لە ناو ماددەکاندا هەناسە دەدات.
لە رێگەی ئەم کارانەوە، من دەمەوێت بێدەنگی مێژوو بشکێنم و برینەکان بکەمە زمانێکی بینراو، لای من، پەیکەر ئامرازێکە بۆ ئەوەی رابردوو لە ناو ئێستەدا بیژەنێتەوە و داهاتووش لە رەسەنایەتی خۆی بێبەش نەکات.
لەکۆتایی قسەکانیدا، فوئاد عەبدوڵڵا، هونەرمەندی پەیکەرساز، باس لە پڕۆژەی نوێی خۆی دەکات و دەڵێت: پەیکەرێکم دروست کردووە بۆ هاودەنگی و یەکدەنگیی گەلی کورد، بە ناوی 'هێزی یەکگرتن'. ئەم پەیکەرە، گوزارشت لە هاتنەکایەی یەکگرتوویی گەلی کورد دەکات لە هەموو جیهاندا بۆ ئازاری بەشێک لە جەستەی کوردستان. ئەوە ئاواتی لە مێژینەی من بوو ناکرێت کاری بۆ نەکەم. هەروەها دەمەوێت پەیکەرەکەم بە بەرزی شەش بۆ حەوت مەتر دروست بکەم و لە گۆڕەپانێکی جوان جێگیر بکرێت و ببێتە سیمبول بۆ هێزی یەکگرتن و بەرگری و بەرخودان.. پەیامێک بێت بۆ نەوەی ئێستە و داهاتووش کە هەمیشە یەکگرتووبن، چونکە ئێمە دەبێت بە هونەر پەیامی گەلێک بە ناوخۆ و دەرەوەش بگەیەنین؛ دوژمن دەبێت بزانێت ئیتر ناتوانێت بە ئاسانی قڕمان بکات.
فوئاد عەبدوڵڵا، هونەرمەندی پەیکەرساز، لە ساڵی 1984 لە شاری هەڵەبجە لە دایک بووە. بەشی پەیکەرسازی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان لە سلێمانی تەواو کردووە. بەشداری 39 پێشانگەی هاوبەشی کردووە لە کوردستان و دەرەوە. 16 ساڵە کاری هونەری دەکات و ئێستا مامۆستای هونەرە، چەند پەیکەرێکیشی لە شوێنە گشتیەکانی شارەکانی کوردستاندا دانراوە.