پشکۆ نەجمەددین: زۆر کەمن ئەو دەقە شیعرییانەی ئەمڕۆ کە بتوانن زەمەن ببەزێنن

پشکۆ نەجمەدین، شاعیر و نووسەر، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی خۆی لە بواری نووسین و باس لە چەقبەستوویی شیعری ئەمڕۆ دەکات و دەڵێت: پێم وا نییە کە پرۆسەی شیعر و شیعر نووسین چەقبەستوو بێت، شیعر نووسین وەک هەر دیاردەیەکی دیکەی مژارە ئەدەبییەکان، دەبزوێت و گەشە دەکات و لێرە و لەوێ دەقی باڵا بەرهەم دەهێنێت.

باسێکی ئەزموونی خۆت لەبواری نووسیندا بکە؟

ئەزموونی نووسینی من، کێرڤێکی 35 ساڵەیە و لە شوێنێکەوە بزواوە و جارێ بە شوێنێک نەگەیشتووە، من پێچەوانەی زۆرینەی نووسەران، دەستپێکی پڕۆسەی نووسین لەلای من، لە شیعر نووسینەوە ڕێچکەی نەگرت، بەڵکوو بە پێی دۆخ و هەلومەرجەکانی ژیانی گەنجێتیم و ئەو دۆخە سەختەی گەلەکەمی تێدا دەژیا، من بە وتار و لێکۆڵینەوەی سیاسی دەستم پێ کرد، پاش نائومێدبوونم لە سیاسەت، ئیدی زۆرینەی کاتەکانی خۆمم بۆ خوێندنەوە و نووسین تەرخان کردن، من هەموو ژانرەکانی نووسینم ئەزموون کردوون، ڕۆمان نەبێت، لە شیعرەوە بۆ پەخشان و پەخشانە شیعر، چیرۆک و ساتیرەچیرۆک، دەقی شانۆیی و ئەدەبی منداڵان، ئەزموون و یاد و گێڕانەوەی یادەوەری، لێکۆڵینەوەی سیاسی و ئیدۆلۆگی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، سۆفیزم و ئەدەبی عیرفان و عیشقی مەولانا و شەمسی تەورێزی، ئەفسوونی نووسین و بەرهەمی گەورەنووسەرانی دونیا، وەرگێڕانی شیعر و ڕۆمانی نووسەرە دەرکەوتووەکانی عەرەب و ئەوروپایی، هێڵەکانی چینینی کۆی جاجمی ئەزموونی نووسینی منن، ئێستا نزیکەی 26 کتێبی من، لەمەڕ ئەو مژارە جیاوازانەی نووسین، لە کتێبخانەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا هەن.

خەسڵەتەکانی شاعیر لەچیدا دەبینیت؟

شاعیر، کەسێکی ئاساییە وەک هەر مرۆڤێکی دیکە، بە کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەتەوە کە لە کەسی ناشاعیری جیا دەکەنەوە، هەست بۆ بینینی شتەکانی دەوروبەر و خەیاڵێکی قووڵی واقیعبەزێن، کە لە دنیایەکی سیحرئامێزی دەهاون، دنیایەک لێوانلێو لە فەنتازیا و جوانی، کە تەنیا شاعیرەکان هەستی پێ دەکەن و تێیدا دەژین و کەسی دیکە نا، شاعیر، خودانی زمانێکی قووڵ و سادەیە و وشەدانی ئەو، سەر ڕێژە لە پەیڤ و وشەگەلێک کە لەلای کەسانی ناشاعیر بوونیان نییە. شاعیرەکان سەرپاکیان عاشقن و بە بێ عەشق، هیچ وێنەیەکی شیعری ناخوڵقێت، من وەختایێک کە شیعر دەنووسم، بە ناوازەیی عاشقم، عەشقی پەیڤ و عەشقی ڕیتم و عەشقی سەماکانی زمانم کە لەژێر پێستی وشەکاندا، مانایەک بە کردەی نووسین دەدەن.

ڕەخنەی جددی، شیعری باش درووست دەکات؟

تێکستی شیعری، ئەگەر خەسڵەتەکانی شیعری باڵای لەخۆ نەگرتبێت و لە دنیای هەرماندا جێیەکی بۆ خۆی چی نەکردبێت، هیچ ڕەخنەیەکی جددی و باشیش ناتوانێت خەسڵەتی شیعری پێ ببەخشێت، ڕەخنەی جددی دەتوانێت خوێندنەوەیەکی قووڵ و فرەڕەهەند بۆ تێکستە شیعرییەکان بکات و دەقێکی شیعریی نوێ بخولقێنێت، کە تێکستە ڕاستییەکە جێ دەهێڵێت و لە خوێندنەوەدا، دنیایەکی شیعریی نوێ فەراهەم دەکات کە تەواو لە دونیای دەقە ڕاستییەکە نووسەر یان شاعیر جیاوازە، هەر ئەمەیشە کە ئەرکی پرۆسەی ڕەخنەیی میتۆدیکی زانستئامێز، کە ڕەخنەگری جددی و پرۆفیشۆناڵ، جێبەجێی دەکات.

باشترین ڕێگا بۆ دەستپێک و کۆتایی هێنان بە شیعر چۆن دەبێت؟

باشترین ڕێگای دەستپێکردن و کۆتاییهێنانی دەقێکی شیعری، ناچێتە ژێر هیچ پێوەر و پێوادانگێکی ئەدەبییەوە، ئەزموونی نووسینی شیعر، دەستپێک و کۆتاییەکەی، لەلای شاعیرەکان جیاوازن و بە تیڕوانین و هەست و نەستی شاعیرەکەوە پێوەستن، لەلای من، هیچ زەمەنێک بۆ دەستپێکردنی نووسینی دەقێکی شیعری و کڵۆمدانی دەقەکە نییە، شیعر دێت و ناچارت بە نووسینەوەی دەکات، یاخود هەر خۆی دەتنووسێتەوە و پێویستی بە هیچ کات و شوێنێک نییە، ئەو دێت و لە یادگە و ماڵی هەستەکانتەوە، دەڕژێتە سەر سپیایی کاغەز و هەر خۆیشی ماڵئاواییت لێ دەکات.

شیعری ئەم سەردەمە، لەچاو شیعری سەردەمانی پێشوودا، چۆن دەبینی؟

سەردەمەکان جیاوازن و شیعر و شاعیرەکانیش هەروەها، ئەگەر لە سەردەمی شیعری کلاسیک گەڕێین و قسەیەک لە شیعری سەدەی پێشوو و ساڵانی دەستپێکی ئەو سەدەیە بکەین، دەکرێت بڵێین، شیعر و مژارەکانی دیکەی ئەدەبیش، وەکو بوونەوەرگەلێک لەگەڵ گۆڕانی زەمەن و دۆخ و هەلومەرجەکاندا دەگۆڕدرێن، دەقە باڵاکانی شیعری ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بووری و شیعرەکانی ئەم ساڵانەی دوایی، بە خەسڵەت و زمان و وێنەشیعرییەکانیانەوە، ئەگەر خەسڵەتگەلێکی هاوبەشیشیان هەبێت، دیسان لێک جودان و هەر دەقێک، ناوەڕۆک، مانا، شێوە و شێواز و دال و مەدلوولی خۆیانیان هەیە، من ناتوانم سەرپێی و بە گشتی قسە لەسەر ئەم پرسە بکەم، ئەم پرۆسەی بەراوردکردنە دەشێت لە کایەی ڕانانی دەقە جیاوازەکانی سەردەمە جیاوازەکاندا، حوکمیان لەسەر بدرێت، ئێمە، ئەوسا و ئێستایش، دەقی شیعریی باڵامان هەبووە و هەیە، بەڵام لەو سەردەمی لەڕادەبەدەر گەشەکردنی تەکنیکی زانیارییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەشێت گەڕەلاوژەیەکی شیعری دروست بووبێت، کە دۆزینەوەی دەقی شیعریی ڕەسەن و باڵای، سەخت کردووە. شیعر، کە نووسینی سەختترین کاری نێو مژارە ئەدەبییەکانە، چڕکردنەوە و کورتبڕی، دەشێت دوو خەسڵەتی بەرچاو بن، کە ئێستە دووچاری دەردی فرەوێژی و درێژدادڕی هاتووە، ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێستە و لەو سەردەمەدا، ئێمە شاعیری بەئەزموون و دەقی باڵا و ورشەدارمان نەبن، بەڵێ هەمانن و دیاریشن، بەڵام ئەو دەقەشیعرییانەی کە وەک دەقی شاعیرە بەنامێکانی کلاسیک کە توانای بەزاندنی زەمەنیان هەبێت و هەرمان بن، زۆر کەمن.

شیعری ئەمڕۆ چەقبەستووە؟ گەر وایە چۆن شیعر لەو چەقبەستووییە دەرباز بکەین؟

چەقبەستوویی شیعر، پێم وانییە کە پڕۆسەی شیعر و شیعرنووسین چەقبەستوو بێت، شیعرنووسین وەک هەر دیاردەیەکی دیکەی مژارە ئەدەبییەکان، دەبزوێت و گەشە دەکات و لێرەو لەوێ دەقی باڵا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام کیسەڵڕۆ و خاوخلیچکە، شیعر بۆ ئەوەی ئەو دۆخە شلوشێواوەی خۆی ببەزێنێت، دەشێت شاعیرەکان دەست بە شیعرەوە بگرن و تێکستی کاڵ و کرچ، بە نرخی شیعر، دەرخواردی خوێنەر نەدەن، ئێمە ناتوانین چ یاسا و ڕێسایەک بۆ ڕێگرتن لە بەرهەمهێنانی تێکستی ناشیعری دابڕێژین، ئاخر شیعر خۆی بوونەوەرێکە کە ناچێتە ژێر ڕکێفی هیچ ڕێساگەلێکەوە، ئەوە تەنیا زەمەنە کە تێکستە ناشیعرییەکان دەپووکێنێتەوە و لە کۆتاییدا تەنیا ئەو شیعرانە دەمێننەوە، کە خەسڵەتەکانی جاویدانییان هەڵگرتووە، ئاخر ئێمە ئەگەر چاوێک لە کەلەپووری شیعری کلاسیک بکەین و بیر بکەینەوە کە داخۆ لە مێژووی ئەدەبی کلاسیکدا، چەند شاعیر هەبووبن و چەندیان بە زیندوویی مابنەوە، دڵنیام ئێجگار فرە بوون و زۆر کەمیان بە درەوشاوەیی لە مێژووی ئەدەبی ئێمەدا ماونەتەوە.

شیعری کلاسیک و شیعری نوێ چی جیاوازییەکیان هەیە؟

شیعری کلاسیک و شیعری نوێ، جیاوازییەکانیان فرەن و هەر لە زمان، ستایل، وێنە، تەکنیک، خوازە، شێوە، ناوەڕۆک، ڕێسا و نەزم، تەفعیلە و کێش و سەروا و میتۆدی نووسینیاندا جیاوازن، بەڵام شتێک هەیە کە دەبێ بیڵێین، ئەویش ئەوەیە کە قووڵایی شیعری ئێمە، جارێ هەر لە کلاسیکدایە و ئەدەبی کلاسیکی ئێمە، ئەو مێرگە سەوز و بەبژوێنەیە، کە شیعری نوێ، بە شێواز و ناوەڕۆکێکی نوێوە، ئاوی لێ دەخواتەوە.

هیچ دەزگایەکی بەدواداچوون هەیە، بۆ ڕێگریکردن لەو شیعرە کرچوکاڵانەی ئێستە دەرخواردی خوێنەر دەدرێت؟

نا، هیچ دەزگایەک نییە و ناشبێت کە ڕێگری لە نووسین و بڵاوکردنەوەی دەقێکی ناشیعری بکات، با بنووسن و بڵاوی بکەنەوە، بەڵام ئەو تێکستانە، هەرگیز سنووری هەندێک ڕۆژنامە و ماڵپەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نابەزێنن و پێش نووسینیشیان بە مەرگ حوکم دراون.

بۆچی شیعرەکانی ئەو سەردەمە نابن بە هەوێنی گۆرانییەک؟نا، زۆر تێکستی شیعری ئەو سەردەمە، کراونەتە ستران و زۆر سترانبێژیش چڕیویانن، شیعرە جوانەکان، سترانی جوانیان لێ بەرهەم هێنراون، بەڵام ستران ناتوانێت نەمری بە شیعرێک بدات ئەگەر خۆی شیعرێکی باڵا نەبێت، گۆرانی دەتوانێت شاعیرەکە بناسێنێت، نەک دەقە شیعرییەکە.

پڕۆژەی نوێت چییە؟

من یەک دوو ساڵە کار لەسەر وەرگێڕان دەکەم، ساڵی ڕابردوو، دوو ڕۆمانی ئەحلام موستەغانمیم کردوونەتە کوردی و دەزگەی چاپ و پەخشی سەردەم، چاپ و بڵاوی کردوونەتەوە، ڕەنگە بەرهەمی داهاتووم، وەرگێڕانی ڕۆمانێکی سویدی بێت، کە نووسەرەکەی کوردە.

پشکۆ نەجمەددین، نووسەر و شاعیر، ساڵی 1953، لە شاری هەڵەبجە لە دایک بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە تەواو کردووە، ساڵی 1977 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی کشتوکاڵیدا، لە زانکۆی سلێمانی وەرگرتووە، ئەزموونی 35 ساڵی نووسینی هەیە و ئێستەیش هەر بەردەوامە.