هێزی وەزارەتی ناوخۆی سووریا چووە نێو قامشلۆ

لە چوارچێوەی رێککەوتنە دووقۆڵییەکەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق، ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی شوباتی 2026، هێزێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا چووە نێو قامشلۆ.

هێزەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا کە لە 15 ئۆتۆمبێلی سەربازی و 125 ئەندام پێکهاتووە؛ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی ناوخۆی قامشلۆی سەر بە هەسەدە، چوونەتە نێو شارەکە. 

وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی هەر گرژی و ئاڵۆزییەک لە کاتی هاتنی هێزی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە کاتژمێر 06:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە، قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ لە قامشلۆ و دەوروبەری راگەیەنراوە. 

شڤان عابد، نێردراوی کوردستان24 لە قامشلۆ رایگەیاند، لە کاتی پێشوازیکردنی لە هێزێکی سوپای سووریا لە قامشلۆ، شەڕڤانان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردبووەوە و دروشمی بژی بەرخودانا ڕۆژئاوای کوردستانیان دەگوتەوە.

گوتیشی: هیچ چەکێکی قورس لە نێو شار و دەوروبەر نابینرێت، هاوکات ئەمڕۆ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا نەبووەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، (02ـی شوبات)، هەر لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی راگەیەنراوە؛ هێزەکانی ناوخۆی سووریا چوونە نێو هەردوو شاری حەسەکە و کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان. 

مەروان عەلی، بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی حەسەکە (سەر بە دیمەشق) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەنگاو بە هەنگاو هەموو بەندەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێن.