لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی لەبەردەم دادگای سلێمانی ئامادە دەبن

لاهور شێخ جەنگی
لاهور شێخ جەنگی

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو، هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگیی برای، جارێکی دیکە لەبەردەم دادگای سلێمانی ئامادە بن. 

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئامانجی ئامادەبوونیان لەبەردەم دادگا، وەرگرتنی گوتەکانیانە لەلایەن دادوەرەوە سەبارەت بەو دۆسیە یاساییانەی کە لەسەریان کراوەتەوە.

ئەم هەنگاوە یاساییە نوێیە لە چوارچێوەی بەدواداچوونە بەردەوامەکانی دادگایە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی ئاراستەیان کراوە. 

پڕۆسەی وەرگرتنی گوتەکان وەک بەشێک لە رێکارە یاساییەکان دەبینرێت، تێیدا دادوەر وردەکاریی زیاتر لەسەر ئەو تۆمەت و دۆسیانە کۆدەکاتەوە کە لە ماوەیرابردوودا لە ناوەندە دادوەرییەکاندا وروژێنراون، ئەوەش لە کاتێکدایە کە تیمی پارێزەرانیان لە هەوڵی ئەوەدان پڕۆسەکە بە شێوەیەکی یاسایی و بێ لایەنانە بەڕێوە بچێت.


لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووتری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی ئێستای (بەرەی گەل)، لەگەڵ پۆڵاد شێخ جەنگیی برای، دوای گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی حزبەکەیان لە ساڵی 2021ـەوە، رووبەڕووی زنجیرەیەک سکاڵا و دۆسیەی یاسایی جیاواز بوونەتەوە، زۆربەی ئەو دۆسیانەی لە دادگاکانی سلێمانی و هەولێر لەسەریان تۆمار کراون، پەیوەستن بە پرسە ئەمنی و کارگێڕییەکان و ململانێ سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان. 

دووبارە ئامادەبوونیان لەبەردەم دادوەر لە ساڵی 2026، نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا رێکارە یاساییەکانی پەیوەست بەو ململانێیانە بەردەوامییان هەیە و دامەزراوە دادوەرییەکان خەریکی وردبینیکردنن لە بەڵگە و گوتەکان بۆ گەیشتن بە بڕیاری کۆتایی.