لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان: خەرجیی حکوومەتە خۆجێییەکان بۆ زیرەکیی دەستکرد دەگاتە 78 ملیار دۆلار
لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان راپۆرتێکی نوێی دەربارەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد لە دامەزراوە حکوومییە خۆجێییەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تا ساڵی 2033 قەبارەی خەرجییەکانی ئەو کەرتە لەسەر ئاستی جیهاندا بۆ 78 ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە.
راپۆرتەکە بە هاوکاریی کۆمپانیای "ئارسەر دی لیتڵ" ئامادە کراوە، ئاماژە بەوە دراوە کە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە حکوومەتە خۆجێییەکاندا دەبێتە هێزێکی پاڵنەر بۆ پەرەپێدانی بەڕێوەبردنی شارەکان، بەڵام جەخت لەوەش دەکاتەوە کە هێشتا ئاستی پەنابردن بۆ ئەم تەکنەلۆژیایە لەسەر ئاستی جیهان نەگەیشتووەتە ئاستی چاوەڕوانییەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی ناو راپۆرتەکە، خەرجیی جیهانی بۆ چارەسەری کارە حکوومییەکان کە پشت بە زیرەکیی دەستکرد دەبەستن، لە ساڵی 2023دا بڕی 12.6 ملیار دۆلار بووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە بازدانێکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت و لە ساڵی 2033دا بگاتە 78 ملیار دۆلار.
ئەزموونە سەرکەوتووەکانی جیهان
راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر چەند نموونەیەکی پێشەنگ لە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد، لەوانە:
- ئەبوزەبی: بەکارهێنانی یاریدەدەری زیرەک و پلاتفۆرمی "TAMM" بۆ راییکردنی مامەڵەی مۆڵەتە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی.
- هانگژۆ-چین: بەکارهێنانی سیستەمی "City Brain" بۆ بەڕێوەبردنی هاتوچۆ و پرۆسە شارستانییەکان.
- ئەکرا-غانا: بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ دیاریکردنی شوێنە نایاساییەکانی فڕێدانی پاشماوە.
- برێتۆریا- ئەفریقای باشوور و ساوپاولۆ- بەرازیل: بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بۆ بەرزکردنەوەی کارایی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و چاودێریی ئاسایشی گشتی.
بەربەستەکان لەبەردەم گۆڕانکاریی دیجیتاڵی
سەرەڕای ئەو دەرفەتانە، راپۆرتەکە هۆشداری دەدات لەوەی هێشتا بەربەستگەلی گەورە لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم تەکنەلۆژیایەدا هەن، لەوانە: تێچووی زۆری دارایی، پاراستنی نهێنی داتاکان، کەمیی یاسا و رێساکان و نەبوونی کادیری پسپۆر. ئاماژە بە توێژینەوەیەکی دامەزراوەی "بلومبێرگ"یش کراوە کە دەریخستووە تەنیا 2%ی دەسەڵاتە خۆجێییەکان توانیویانە بە تەواوی زیرەکیی دەستکرد لە کارەکانیاندا جێگیر بکەن.
رێگەچارە پێشنیارکراوەکان
بۆ تێپەڕاندنی ئەم ئاستەنگانە، راپۆرتەکە پێنج رێگەچارەی سەرەکی دەخاتە روو:
1-ئەنجامدانی هاوبەشیی ستراتیژی بۆ دابینکردنی بودجە.
2-بەهێزکردنی متمانە لە رێگەی پاراستنی داتاکان.
3-رێکخستنی یاسا و رێساکان.
4-پێگەیاندنی کادیری شارەزا.
5-پەرەپێدانی بەردەوامی سیستەمەکان بەپێی پێویستیی بەکارهێنەران.
دکتۆر رەیمۆن خووری، سەرۆکی بەشی کەرتی گشتیی لە کۆمپانیای ئارسەر دی لیتڵ دەڵێت "زیرەکیی دەستکرد توانای هەیە وەرچەرخانێکی ریشەیی لە شارەکانی جیهاندا دروست بکات. ئەگەرچی بەربەستەکان زۆرن، بەڵام ئەزموونەکان دەریانخستووە کە بە هەبوونی دیدگا و وەبەرهێنان، دەتوانرێت شارەکان بەرەو زیرەکبوون و بەردەوامی هەنگاو بنێن."