مەسرور بارزانی و ئەحمەد ئەبوغەیت دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، لە چوارچێوەی لووتکەی جیهانی حکوومەتەکان لە دوبەی، سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و ئەحمەد ئەبوغەیت ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوە و دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن.

رۆژی سێشەممە، 03ـی شوباتی 2026، بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لووتکەی جیهانی حکوومەتەکان لە دوبەی دەستیپێکرد.

لووتکەی ئەمساڵ تاوەکو 5ـی مانگ بەردەوام دەبێت. تێیدا زیاتر لە 6000 کەسایەتی لە زیاتر لە 150 وڵاتەوە بەشدارن، کە زیاتر لە 35 سەرۆک و سەرۆکی حکوومەت و زیاتر لە 500 وەزیریان تێدایە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پێنجەم ساڵە لەسەریەک بەشداری لەم لووتکەیەدا دەکات، کە ئەمەش نیشانەی گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. 

بڕیارە سەرۆکوەزیران ئەمڕۆ جوارشەممە، گوتارێک پێشکەش بکات. لە گوتارەکەیدا، دیدگای خۆی سەبارەت بە داهاتووی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و ئەو ئەزموونانەی کە حکوومەتی هەرێم لە بواری بەرەوپێشبردنی ئابووریدا بەدەستیهێناوە، دەخاتەڕوو.