مەسرور بارزانی: نزیکەی 60% بۆ 70%ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، خۆمان دابینی دەکەین
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوبەی ڕایگەیاند، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیمارات لە ئاستێکی بەرزدان و دیدگایەکی هاوبەشیان بۆ پرسەکان هەیە. مەسرور بارزانی جەختی کردەوە کە نابێت پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم بە بەغداوە ببەسترێتەوە و ڕەخنەی لە بە سیاسی کردنی پرسی مووچە گرت، هاوکات ڕاشیگەیاند کە دەبێت سەرۆککۆمار نوێنەرایەتیی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بکات نەک تەنیا هی پارتێک بێت کە هەڵبژاردنی نەبردووەتەوە.
چوارشەممە 4ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئیمارات و لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، سەرنجی خستە سەر پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیمارات و ڕایگەیاند: ماوەیەکی زۆرە پەیوەندیی بازرگانی و ئابووریی بەهێز لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیماراتدا هەیە کە لەسەر بنەمای متمانە دروست بووە و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەوپێش دەچێت. بوونی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی هەردوولا لە بازاڕەکانی یەکتردا، هۆکارێکی سەرەکیی بەهێزبوونی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانە.
گوتیشی: لەگەڵ ئیمارات تێڕوانینێکی هاوبەشمان بۆ زۆربەی پرسە هەنووکەییەکانی ناوچەکە هەیە و بەردەوام ڕاوێژ بە یەکدی دەکەین بۆ پاراستنی سەقامگیری و سەرکەوتن بەسەر قەیرانەکاندا.
سەبارەت بە ئامانجی بەشداریکردنی لە لووتکەی حکوومەتەکان لە دوبەی، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە ئەم لووتکانە دەرفەتن بۆ کۆبوونەوەی سەرکردە و بازرگانان و ئاڵوگۆڕی دیدگا سیاسییەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی قەیرانەکان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە، ئەم لووتکەیە دەرفەتێکە بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکردە ئابوورییەکانی جیهان. خۆشبەختانە هەرێمی کوردستان وەک ئەزموونێکی سەرکەوتوو سەیر دەکرێت و زۆرێک لە وڵاتان خوازیارن لێکۆڵینەوە لەم ئەزموونە بکەن، چونکە پێیان وایە دەرفەتی باش لە هەرێم ڕەخساوە. جەختیشی کردەوە کە ڕاکێشانی وەبەرهێنەران یارمەتیدەر دەبێت بۆ بووژانەوەی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار.
لەبارەی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: پێکهێنانی حکوومەت دەبێت لەسەر بنەمای دەنگی خەڵک بێت. کاتێک لایەنە سیاسییەکان ڕێزیان لە ویستی دەنگدەر گرت، پرۆسەکە ئاسان دەبێت. ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەسەر کارنامە و ئەجێندای حکوومەت نییە و ڕێککەوتووین، بەڵکوو کێشەکە لەسەر وەرگرتنی پۆستە و هەندێک کەس کێشەی شەخسییان هەیە.
دووپاتیشی کردەوە: نابێت بەرژەوەندیی باڵای وڵات لە بەرژەوەندیی شەخسی یان پۆستێکی دیاریکراودا کورت بکرێتەوە. پێداگریی ئێمە لەسەر هەندێک پۆستی وزاری بۆ ئەوەیە بتوانین باشتر خزمەتی هاووڵاتییان بکەین، چونکە بەداخەوە هەندێک لایەن بە حکوومەتێکی یەکگرتووی سەرانسەرییەوە پابەندنەبوونە، لەکاتێکدا ئێمە دەمانەوێت خزمەتگوزارییەکان بگەیەنینە هەموو پارێزگاکان بەبێ جیاوازی.
سەرۆکی حکوومەت ڕەتی کردەوە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم پەیوەست بێت بە پێکهێنانی حکوومەتی عێراقەوە و ڕایگەیاند: زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی هەرێم کراوە و دەبوو پارساڵ حکوومەت پێکهاتبا، بەڵام لایەنی بەرانبەر ویستی بە حکوومەتی فیدراڵەوە بیبەستێتەوە بۆ ئەوەی دەستکەوتی هەردوو هەڵبژاردنەکە تێکەڵ بکات. لای ئێمە ئەمانە دوو پرسی جیاوازن و دەبێت بە جیا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە، بەڵام جەختی کردەوە، کاندیدی سەرۆککۆمار دەبێت لەلایەن هەموو خەڵکی کوردستانەوە قبووڵکراو بێت، نەک کاندیدی حزبێک بێت کە هەڵبژاردنیشی نەبردووەتەوە. باشترین میکانیزم ئەوەیە کاندیدی سەرۆککۆمار لە پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە و بە دەنگی زۆرینە دیاری بکرێت.
سەبارەت بە پرسی مووچە، سەرۆکوەزیران ڕەخنەی لە بەغدا گرت بەوەی پرسی مووچەی بە سیاسی کردووە و گوتی: دەبێت مامەڵەی یەکسان لەگەڵ هاووڵاتییانی هەرێم بکرێت. ئەگەر بەغدا کێشەی سیولەی هەیە، دەبێت کاریگەرییەکەی بۆ هەمووان وەک یەک بێت.
ئاماژەشی دا، لە کۆتا کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەولێر پرسی مووچەیان تاوتوێ کردووە، ئەو گوتی، کە لە قەیرانی ئابووری داینە، بەڵام هیوای خواست کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات چارەسەر بکرێت، ئێمەش هیوادارین بە زووترین کات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرن کە ئێستا ئەوان دەستییان بە دابەشکردنی مووچە لەسەر فەرمانبەران خۆیان کردووە.
مەسرور بارزانی ڕوونیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە؛ چونکە نەوتی هەرێمی دەفرۆشرێت و 120 ملیار دیناریش لە داهاتی نانەوتی دەدرێتە وەزارەتی دارایی عێراق، کە ئەمە دەکاتە نزیکەی 60% بۆ 70%ـی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەغدا تەنیا 200 ملیار دینار دەخاتە سەر ئەو پارەیە بۆ تەواوکردنی مووچە، بۆیە هیوادارین بە زووترین کات شایستە داراییەکان بنێرن.