هەڤپەیڤینی تایبەتی مەسرور بارزانی لەگەڵ کوردستان24
لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 کۆمەڵێک پەیامی ڕاشکاوانەی ئاراستەی ناوخۆ و بەغدا کرد. لەم دیدارەدا پەردەی لەسەر هۆکارە ڕاستەقینەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ هەڵدایەوە و ڕەخنەی توندی لە بە سیاسی کردنی پرسی مووچە لەلایەن بەغداوە گرت، هاوکات دیدگای خۆی بۆ پرسی سەرۆککۆمار و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیمارات خستەڕوو.
کوردستان24: بەشدارێکی چالاکی لووتکەی جیهانی حکوومەتەکانن، دیدارێکی زۆریشتان هەبوو لە لووتکەکەدا، بەڵام دوێنێ ئێوارە دیدارێکی گرنگتان هەبوو لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات. من ئەم بەیانییە تەماشای ڕۆژنامەکانی ئەوانم کرد، ئەوان دیدارەکەیان بە دیدارێکی برایانە وەسف کردبوو، ئەم پەیوەندییە لەکوێوە سەری هەڵداوە و چۆن ئاوا پەرەی سەندووە لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات؟
مەسرور بارزانی: ئێمە ماوەیەکی زۆرە پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتی ئیمارات هەیە و ڕێزێکی زۆریشمان بۆ سەرکردایەتی ئیمارات و بۆ سەرۆکی ئیمارات و بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیمارات هەیە. ئەو پەیوەندییانە لەسەر بنەمای بڕوابەیەکدی دروستبووە، ماوەیەکی زۆرە ئێمە پەیوەندیمان هەیە و ئەو پەیوەندییانە ڕۆژبەڕۆژ بەهێزتر بوون. چەندین کۆمپانیای ئیماراتی لە کوردستان کاردەکەن، چەندین خاوەنکار و بزنسمانی کوردستان لە ئیمارات وەبەرهێنانیان کردووە و ئەو پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییە وایکردووە کە لە ڕووی ئابوورییەوە ئێمە بتوانین پەیوەندییەکی باشتر دروستبکەین. لە ڕووی سیاسییەوەش ئێمە تێڕوانینی هاوبەشمان لەسەر کۆی ئەو پرسانە هەیە کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەن. زۆرجار ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان دەکەین و ڕاوێژ دەکەین بەیەکدی بۆ ئەوەی بزانین باشترین ڕێکار بۆ پاراستنی ناوچەکەمان لە ئاژاوە و قەیرانەکان چۆنە و چۆن بتوانین زیاتر خزمەتی هاووڵاتییانمان بکەین. وابزانم ئەم ڕوانگە و ئەم تێڕوانینە وایکردووە کە ئێمە بتوانین زیاتر ئەو پەیوەندییانە بەرەو پێشەوە ببەین.
کوردستان24: ئەم لووتکەیە چەندە گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دەرفەتی گرنگی تێدایە و ناونیشانی لووتکەکەش "دیدگای حکوومەتەکانە بۆ داهاتوو"، ئێمە چۆن دەتوانین سوود لەم لووتکەیە وەربگرین؟
مەسرور بارزانی: زۆرجار ئەم لووتکانە خەڵکێکی سیاسی و سەرکردەی ئابووری و سەرۆک کۆمپانیا گەورەکانی دونیا بەشداری تێدا دەکەن. لە لایەکەوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا سیاسییەکان و گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژی و قەیرانەکان. ئەمە گرنگە، ئێمە هەمیشە لێرە لە لووتکەیەکی وادا دەتوانین لە ماوەیەکی کورتدا لەگەڵ چەندین سەرکردە دیدار و گفتوگۆ بکەین کە ئەگەر وا نەبووایە، لەوانەبوو ماوەیەکی زۆر پێبچووایە بۆ ئەوەی سەردانەکان بکرێن و دیدارەکان ڕێکبخرێن. لێرە لە ماوەیەکی کورتدا دەکرێت زۆربەی ئەو دیدارانە بکرێن. لە لایەکی تریشەوە لەگەڵ سەرکردە ئابوورییەکانی جیهان، خەڵکێکی زۆر هەیە کە چاو لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی دونیا دەگرن. ئێستا سوپاس بۆ خودا، کوردستان بۆ زۆرێک لە وڵاتان وەک ئەزموونێکی سەرکەوتوو تەماشای دەکرێت و پێیان وایە دەرفەتی باش هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بتوانن سەیری کوردستان بکەن وەک نموونەیەک. ئەو ئەزموونە سەرکەوتووەی لە کوردستان هەیە وەک نموونەیەک تەماشای بکەن تاکوو بێن دیراسەتی بکەن، وە ئەگەر توانیمان زۆر لەو وەبەرهێنەرانە بۆ کوردستان بهێنین، بێگومان ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بووژانەوەی ئابووری و پەرەپێدانی ئابووری لە کوردستان و دروستکردنی هەلی کاری زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان. ئەمانە هەمووی لەم جۆرە لووتکانەدا دەکرێت ئێمە سوود وەربگرین لەو دیدارانەی کە ئەنجامی دەدەین.
کوردستان24: ئەگەر بێینەوە سەر دۆخی ناوخۆمان، ئەگەر بە کورتی بپرسم، گرێکوێرەی پێکهێنانی حکوومەت کەی دەکرێتەوە؟
مەسرور بارزانی: پێکهێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای دەنگی خەڵکە. هەر کاتێک لایەنە سیاسییەکان قەناعەتیان بەوە هەبوو کە ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگرن، دەنگدەری کوردستان بگرن، پێکهێنانی حکوومەت ئاسانە. چونکە ئێمە لەسەر ئەجێندا ڕێککەوتووین، کێشەمان لەسەر بەرنامەی حکوومەت نییە بۆ کابینەی داهاتوو، کێشە زیاتر پۆستە، وە ئەو پۆستانەش زیاتر هەندێک کەس بۆ شەخسی خۆیان کێشەیان هەبووە لە وەرگرتنی پۆستەکان، بەڵام ئێمە ناکرێت بەرژەوەندی باڵای وڵاتێک کورت بکەین لەبەر بەرژەوەندی شەخسی یان پۆستێکی تایبەت. ئێمە ناچارین بیر لەوە بکەینەوە کە بە چ جۆرە دەکرێت بەرژەوەندی باڵای وڵاتەکەمان بپارێزین. داکۆکیکردنی ئێمە لەسەر بەڕێوەبردنی هەندێک حەقیبەی وەزاری بۆ ئەوەیە کە باشتر بتوانین خزمەتی هاووڵاتییان بکەین. تاکوو ئێستا بەداخەوە زۆرجار ئێمە باسمان کردووە و ویستوومانە کە حکوومەتێکی یەکگرتوو هەبێت و سەرانسەریی بێت، بەڵام لە عەمەلدا پابەندبوون نەبووە لە هەموو لایەکەوە کە پابەندی حکوومەتێکی یەکگرتووی سەرانسەریی بن. ئێمە بەڕاستی دەمانەوێت ئەو خزمەتگوزارییانەی لە بەشەکانی تری هەرێمی کوردستان هەیە، بە حوکمی پابەندبوونی بەشێک لە پارێزگاکان بە ئەجێندای حکوومەت، دەمانەوێت ئەم سیاسەتە بگوازرێتەوە بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، هەموویان پابەندی ئەو ئەجێندایە بن و ئەو سیاسەتەی حکوومەت پەیڕەوی دەکات وەک خۆی جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی هیچ هاووڵاتییەک بێبەش نەبێت لە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت. هەر کاتێک ئەم ڕوئیا و ئەم دیدە هاوبەشە لە نێوانماندا دروست بوو، ئەو کاتە بەپێی من پێکهێنانی حکوومەت کارێکی ئاسان دەبێت.
کوردستان24: نەبەستراوەتەوە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە بەغدا؟
مەسرور بارزانی: نەخێر، چونکە دەزانی زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کراوە و ئێمە دەمانویست هەر پارساڵ ئەم حکوومەتە پێکبهاتبووایە. لایەنی بەرامبەر بووە کە ویستوویەتی ڕەبتی بکات بە حوکمی ئەوەی ئەگەر بیکاتە یەک پاکێج، ئەو کاتە لەوانەیە زیاتر بتوانێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت، بەشێک لەم دەستکەوتی ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنی ڕابردوو تێکەڵ بکات بۆ ئەوەی ئیمتیازاتی زیاتریان بەر بکەوێت. ئێمە سەیری هەردوو حکوومەت دەکەین یان هەردوو هەڵبژاردن دەکەین وەک دوو پرسی جیاواز. هەڵبژاردنێکی تایبەت لە هەرێمی کوردستان کراوە، هەڵبژاردنێکی تر لە عێراق کراوە، کەواتە دەبێت وەک دوو پرسی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و ئێمە نابینین کە ڕەبتێکی ئاوایان بەیەکەوە هەبێت.
کوردستان24: کەواتە لەسەر پرسی سەرۆککۆماریش تائێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن؟
مەسرور بارزانی: ئەوەندەی من بزانم تائێستا ڕێککەوتن نەکراوە، من نازانم دوای ئەم چەند سەعاتە نازانم هیچ ڕێککەوتنێک بووە یان نەبووە، بەڵام ئەوەی ئێمە داکۆکی لەسەر دەکەین ئەوەیە کە کاندیدی سەرۆککۆمار دەبێت کاندیدی قبووڵکراوی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بێت. نابێت کاندیدی حزبێک بێت کە هەڵبژاردنیشی نەبردووەتەوە، پێی وابێت کە ئەو تەنیا ئەو حەقەی هەیە کاندیدی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت. ئەگەر هەڵبژاردنی ببردایەتەوە ئەوە حەقی خۆی بوو، بەڵام هەڵبژاردنی نەبردووەتەوە و زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش هاوڕا نین لەگەڵ ئەم بژاردەیە. بۆیە میکانیزمێک پێشنیاز کراوە کە زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان، یان لە پەرلەمانی کوردستان یان لە پەرلەمانی عێراق نوێنەرە کوردەکان، با بێن ئەوان دەنگ بدەن کام لەم کاندیدانە بوو بە کاندیدی هاوبەشی هەموو کوردەکان، ئەو کاتە ئەوە وەک کاندیدی بژاردەی خەڵکی کوردستان بۆ سەرۆکایەتی بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق.
کوردستان24: بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، تائێستا کێشەیەکی هەڵپەسێردراو یان با بڵێین تا ڕادەیەک کێشەی هەیە، ئەم کێشەیە کەی ئیتر چارەسەر دەبێت و خەڵک ئەوەندە دوودڵ و دڵەراوکێی نەبێت لە بابەتی مووچەکەی؟
مەسرور بارزانی: بەڕاستی بڵێم ئێمەش سەرمان سووڕماوە لەوەی کە بۆ ئەم بابەتەی مووچە ئەوەندە دوا دەکەوێت یان هەمیشە کێشەی تێدا دروست دەبێت. چەندین جار ئێمە گوتوومانە ئەمە پرسێکی یاساییە، کێشەیەکی سیاسییە یان بە سیاسی کراوە، بەڵام زۆرجار قبووڵ نەدەکرا کە ئەمە کێشەیەکی سیاسی بێت. هەرچەندە ئێستاش پێم وایە کێشەیەکی سیاسییە، چونکە دەبێت مامەڵەیەکی یەکسان لەگەڵ هاووڵاتییانی کوردستان بکرێت لەگەڵ هەموو هاووڵاتییانی تری عێراق. زۆرجار حکوومەتی فیدراڵی دەڵێت ئێمە سیولەمان نییە یان دۆخی ئابووریمان خراپە، ئەی باشە کەواتە دەبێ بۆ هەموو لایەک وەک یەک بێت. ناکرێت تۆ تەنیا هەرێمی کوردستان بە جیا مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، تاکوو بۆ هەموو خەڵکی عێراق مووچە دابین نەکەیت، ئینجا خەڵکی کوردستان ببێتە دوا قۆناغ، ئەویش ئەگەر بە نیوەچڵی یان دەکرێت یان ناکرێت، خودا دەزانێت. ئێمە ئەو قسەیەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران بەڕێز سوودانیش کە هاتە هەولێر ئەمجارە قسەمان لەگەڵ کرد، گوتی، ڕاستە ئێمە کێشەی ئابووریمان لە عێراق ئێستا قەیرانێکی گەورەیە، بەڵام گوتی کە بابەتی مووچە هیوادارین نەبێتە کێشە و چارەسەر بکرێت و مووچە زوو بنێردرێت. ئیتر بەتەمای ئەوەین بزانین دەستیان کردووە بە دابەشکردنی مووچە لە عێراق و ئینشاڵڵا مووچەی هەرێمی کوردستانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بنێرن. ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە، هەموو پابەندبوونەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە. هەر بۆ زانیاری جەنابیشت ، زۆربەی بەشی مووچەی هەرێمی کوردستان لە خودی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت. چونکە نەوتی هەرێمی کوردستان کە دەفرۆشرێت و 120 ملیار دیناریش کە لە داهاتی نانەوتی تەسلیمی حکوومەتی فیدراڵی دەکرێت، ئەمە زیاتر لە 60 بۆ 70 لەسەدی مووچەی خەڵکی کوردستانە. ئەو بەشەی دەمێنێتەوە حدود 200 ملیار دینارێکە کە دەبێت ئەوان زیاد بکەن لەسەر ئەو بڕە پارەیەی کە لە داهاتەکانی خودی هەرێم دەبێت بۆی بگەڕێتەوە. کەواتە زەحمەتییەکی ئەوەندە نییە بۆ حکوومەتی عێراق ئەگەر مووچەی هەرێم بنێرێت، ئەگەر فەعڵەن پابەند بێت بە دەستوور و بەو ئیلتزامانەی کە لەسەر شانی حکوومەتی فیدراڵییە.
کوردستان24: مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتەی پێتبەخشین.
مەسرور بارزانی: سوپاس.