سووریا؛ سوپای ئیسرائیل دەچێتە ناو سێ گوندی پارێزگای قونەیتەرە
دوینێ چوارشەممە، هێزێکی سوپای ئیسرائیل چووەتە ناو گوندەکانی سەیدا جۆلان و مەزرای ئەبو میزرا و روێهینە لە باشووری پارێزگای قونەیترە.
پێنجشەممە، 5ـی شوبات 2026، ئاژانسی هەواڵی سووریا 'سانا' بڵاوی کردەوە "هێزە ئیسرائیلییەکە لە ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش و دوو ئۆتۆمبیلی جۆری هەمەر پێک هاتبوو، لە لای تەپەی ئەبو گیسارەوە بەرەو ئەو رێگایەی کە گوندی سەیدا جۆلان و مەزرای ئەبو میزرا لە گوندەواری باشووری قونەیترە پێکەوە دەبەستێتەوە، پێشڕەوییان کردووە و لەوێ بازگەیەکی کاتییان لەسەر رێگاکە داناوە دەستیان بە راگرتن و پشکنینی رێبواران کردووە."
هاوکات، هێزێکی دیکەی سوپای ئیسرائیل، کە لە پێنج ئۆتۆمبیلی سەربازی پێک هاتبوو، چوونەتە ناو شارۆچکەی روێهینە لە باشووری قونەیترە و چەند ماڵێکی هاووڵاتیانیان پشکنیوە و هاووڵاتییەکیان دەستگیر کردووە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.
سانا، هەروا رایگەیاندووە"بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پێنجشەممە، هێزێکی سوپای ئیسرائیل چووەتە نێو گوندەکانی سەیدا حانوت، سەیدا جۆلان، سەمەدانییەی رۆژهەڵات، خان ئەرنەبە و عەین قازی لە پارێزگای قونەیترە."
شایانی باسە، پاش رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، سوپای ئیسرائیل دەستی بەسەر چەندان ناوچەی باشووری سووریادا گرتووە و پێگەی هەمیشەیی تێیاندا دامەزراندووە.