وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: لە هەولێر لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆدەبمەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە هەولێر کۆدەبمەوە، گوتیشی: تاوتوێی رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە دەکەین.
ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە سەردانێکیدا بۆ دیمەشق و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لە هەولێر لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆدەبمەوە و تاوتوێی رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە دەکەین.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند، "فەرەنسا هەمیشە لە تەنیشت گەلی سووریا وەستاوە کە بوونە قوربانیی دڕندایەتیی رژێمی ئەسەد و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنیان بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی باشتر."
سەبارەت بە پێشهاتە ناوخۆییەکانی سووریا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رێککەوتنەی لە نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' واژۆ کراوە، هەنگاوێکی گرنگە. گوتیشی، "ئەم ڕێککەوتنە مافە بنەڕەتییەکانی کورد لە سووریا دەستەبەر دەکات و هاوکات دەبێتە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تێرۆریستی داعش لە ناوچەکەدا."