رووسیا باڵیۆزی ئەڵمانیا بانگهێشت دەکات و دیپلۆماتکارێکی وڵاتەکەش دەردەکات

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، یەکێک لە فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیای لە مۆسکۆ وەک کەسێکی نەخوازراو راگەیاند، ئەمەش لە وەڵامی دەرکردنی دیپلۆماتکارێکی رووسیدا کە لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەرلین کاری دەکرد.

پێنجشەممە 5ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەلێکساندەر لامبسدۆرف، باڵیۆزی ئەڵمانیای لە مۆسکۆ بانگهێشتی بارەگای وەزارەت کردووە و لەوێ ناڕەزایەتییەکی توندی پێ راگەیاندووە سەبارەت بە بڕیارەکەی حکوومەتی ئەڵمانیا کە لە 22ـی کانوونی دووەمی رابردوو دەرچوو بۆ بە نەخوازراو ناساندنی یەکێک لە فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی رووسیا لە بەرلین.

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەو تۆمەتانەی سیخوڕی کە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ئاراستەی ئەو دیپلۆماتکارەیان کردووە، هیچ بنەمایەکی راستیان نییە و لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەوترێت خولیای سیخوڕی تۆمەتی هەڵبەستراون، بۆیە حکوومەتی رووسیا ئەو تۆمەتانە بە تەواوی رەتدەکاتەوە. 

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، رەفتارەکانی لایەنی ئەڵمانی بە مامەڵەکردنێکی دەژمنکارانە دەزانێت کە ئامانج لێی لەکەدارکردنی ناوبانگی نێردە دیپلۆماسییەکانی رووسیایە لە ئەڵمانیا. 

پێنجشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، یاداشتێکی رادەستی باڵیۆزی رووسیا لە بەرلین کرد، ئاماژەی بەوەکردبوو، یەکێک لە فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی رووسیا لە ئەڵمانیا تێوەگلاوە بە کاری سیخوڕیکردن، هاوکات ئەو فەرمانبەرە لەلایەن حکوومەتی ئەڵمانیاوە لە وڵایەکە دەرکرا. 

ئەم هەنگاوەی حکوومەتی رووسیاش وەکو وەڵامێکە بۆ رەفتارەکانی ئەڵمانیا بەرانبەر بە کارمەندانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەرلین.