سێرگی لاڤرۆڤ: ئێران هاوبەشێکی نزیکی ئێمەیە
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، هۆشدارییەکی توندی دا لە ئەگەری تەقینەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەختی کردەوە، وڵاتەکەی لە ئاست پەرەسەندنی گرژییەکاندا دەستەوەستان ناوەستێت.
لاڤرۆڤ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، "مۆسكۆ، تاران بە هاوبەشێکی نزیکی خۆی دەزانێت و بە هیچ شێوەیەک لە بەرامبەر ئاڵۆزییەکانی ئێستای ناوچەکەدا بێدەنگ نابێت"، گوتیشی: "ئەو دۆخەی ئێستا لە دەوروبەری ئێران هەیە، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ تەقینەوەیەک کە رەنگە تەواوی ناوچەکە بگرێتەوە."
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ نێوەندگیری و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو گرژییە چەکداری و سیاسییانەی لە نێوان تاران، واشنتن و تەلئەڤیڤدا هەیە.
هەروەها لاڤرۆڤ رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا گرت و رایگەیاند، کە کردەوەکانی واشنتن لەگەڵ گوتەکانیاندا ناگونجێت، گوتیشی: "ئەمریکا لەم دواییانەدا باری نائاسایی لە دژی کوبا راگەیاندووە بەو ناوەی کە کوبا هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەی کاریبی، ئەمەش تەنیا بە بیانووی ئەوەی رووسیا لەوێ سیاسەتی دوژمنکارانە پەیڕەو دەکات."
لاڤرۆڤ جەختی کردەوە، ئەم جۆرە ڕەفتارانە بە تەواوی دژی ئەو بانگەشانەی واشنتنە کە باس لە ئەگەری فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان لەگەڵ رووسیا دەکەن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، لاڤرۆڤ ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە گوشار دەخاتە سەر وڵاتانی جیهان بۆ ئەوەی نەوت و غازی رووسیا نەکڕن، ئەمەش بە مەبەستی ساغکردنەوە و جێگرتنەوەی بە نەوت و غازی سروشتیی ئەمریکی.