ڤایرۆسه‌ نوێیه‌كه‌ی‌ كۆرۆنا له‌ وڵاتێكی عه‌ره‌بیدا ده‌ركه‌وت

"(4) حاڵه‌تی گومانلێكراو له‌ به‌ریتانیا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌"

سوڵتانشینی عومان
سوڵتانشینی عومان

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی سوڵتانشینی عومان رایگه‌یاند، گومان له‌ سه‌ر (4) حاڵه‌تی وه‌چه‌‌ نوێیه‌كه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كرێت، كه‌ له‌ به‌ریتانیا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، بۆ دڵنیابوون توێژینه‌وه‌‌ له‌ سرووشتی حاڵه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌حمه‌د بن محه‌مه‌د سه‌عیدی، وه‌زیری ته‌ندرووستی عومان گوتی: "بۆ دڵنیا بوون، توێژینه‌وه‌ له‌ (4) حاڵه‌ت ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ به‌ریتانیا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر وه‌چه‌ نوێیه‌كه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، دواتر زانیاری له‌باره‌یه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نین".

وه‌زیری ته‌ندرووستی گوتیشی: "هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ له‌سه‌ر وه‌چه‌‌ نوێیه‌كه‌ی كۆرۆنا، كه‌ له‌ ڤایرۆسی دایك مه‌ترسیدارتر بێت، ئه‌و ڤاكسینه‌ی هه‌یه‌، هه‌مان ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی ده‌بێت، كه‌ بۆ ڤایرۆسی دایك هه‌یه‌تی".

سه‌عیدی ئاماژه‌ی كرد، "پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو، (15) هه‌زار و (600) ژه‌م له‌ ڤاكسینی كۆرۆنا ده‌گاته‌ عومان، له‌ مانگی كانوونی دووه‌م، (28) هه‌زار ژمه‌ی دیكه‌ی ڤاكسینه‌كه‌ ده‌گات، سه‌ره‌تا ڤاكسینه‌كه‌ ده‌درێته‌ ته‌مه‌نی سه‌روو (60) ساڵی و ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌".

رۆژنامه‌ی "گاردیان"ی به‌ریتانیا رایگه‌یاند، وه‌چه‌ نوێیه‌كه‌ی كۆرۆنا، له‌ رێگه‌ی كه‌سێكه‌وه‌ له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی به‌ریتانیا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م گواستنه‌وه‌ی ئه‌و وه‌چه‌ نوێیه‌یه‌، كه‌ له‌ كۆتایی مانگی ئه‌یلوول/ سێپته‌مبه‌ری رابردوو ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌.

زانایان له‌و بڕوایه‌ن، وه‌چه‌ نوێیه‌كه‌ی كۆرۆنا زیاتر توانای بڵاوبوونه‌وه‌ی (70%) زیاتره‌ له‌ ڤایرۆسی دایك، ئه‌مه‌ نیگه‌رانی درووستكردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر مه‌ترسی حاڵه‌ته‌كانی ئه‌م وه‌چه‌ نوێیه‌ نییه‌.

سه‌رچاوه‌: سكای نیوز

د.ی