ئەنجوومەنی سیاسیی سووننەکان میکانیزمێکی نوێی بۆ بڕیاردان پەسەند کرد
ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سووننەکان. وێڕای جەختکردنەوە لەسەر چارەی دیپلۆماسی بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە، پەیامێکی ئەرێنیی ئاراستەی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد.
پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سووننەکان بە ئامادەبوونی زۆرینەی سەرکردەکان و بەبێ بەشداریکردنی هاوپەیمانیی عەزم، کۆبووەوە.
بە پێی راگەیەنراوی ئەنجوومەنەکە، ئامادەبووان تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و ناوچەکەیان کردووە. هەروەها ئەنجوومەنەکە جەختی لە گرنگیی "بانگەشەکانی هێورکردنەوە و بەهێزکردنی دیالۆگ" کردووەتەوە لە ناوچەکەدا، وەک ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری، هەروەها داوای چارەکردنی کێشەکانی لە رێگەی دانوستان و هەوڵە دیپلۆماسییەکانەوە کردووە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی، ستایشی هەڵوێستی "چوارچێوەی هەماهەنگی"ـی کرد سەبارەت بە پەرۆشییان بۆ "یەکڕیزیی نیشتمانی".
لە راگەیەنراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەنجوومەنەکە بڕوای تەواوی بە پێشخستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و کرانەوە بە رووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەیە.
هەروەها ناوەرۆکی ئەو پەیامەیان دووپات کردەوە، کە پێشتر ئاراستەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییان کردبوو، وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامیی لێکتێگەیشتنی نێوانیان.
لە رووی ئیداری و رێکخستنی ناوخۆییەوە، ئەنجوومەنەکە بڕیارێکی نوێی دەرکرد. بە پێی بڕیارەکە و بە رەزامەندیی زۆرینەی دەستەی گشتی، لەمەودوا بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی بە "زۆرینەی دوو لەسەر سێ پەسەند دەکرێن. ئەم هەنگاوەش بە ئامانجی بەهێزکردنی رۆحیەت و گیانی هاریکاری و چەسپاندنی کاری دامەزراوەیی لە نێو ئەنجوومەنەکەدا نراوە.