عەباس عراقچی: ئێران بە چاوکراوەیی و نیەتێکی باشەوە دانوستان دەکات

پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، دەستبەرداری مافەکانمان نابین و بە توندی بەرگریی لێ دەکەین.

ئەمڕۆ هەینی 6ـی شوباتی 2026، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: دەستبەرداری مافەکانمان نابین و ئێران بە چاوکراوەیی و نیەتێکی باشەوە دانوستان دەکات.

 هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، پێویستە لایەنەکان پابەندی بەڵێنەکانیان بن و رێز لە پابەندبوونەکانیان بگرن، یەکسانی، ڕێزی دوولایەنە و بەرژەوەندی هاوبەش تەنها دروشم نین، بەڵکو پێویستین و کۆڵەکەی هەر ڕێککەوتنێکی بەردەوامن. 

ئەم لێدوانانەی عێراقچی پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دێت کە بڕیارە ئەمڕۆ هەینی لە عوممان بەڕێوەبچێت.

سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا.

دوایین گەڕی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئیران لە مانگەکانی نیسان و ئایاری ساڵی ڕابردوو، لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بوو. پێنج گەڕی ئەم دانوستانانە لە عومان و ئیتالیا بەڕێوە چوون.

دانوستانەکان بە شێوازی ناڕاستەوخۆی ئاشکرا بوون، بەڵام بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و دەستپێکردنی جەنگی 12 رۆژە، شکستی دانوستانەکانیش راگەیاندرا.

هەرچەندە بەهۆی ناکۆکی لەسەر شوێن و شێوازی کۆبوونەوەکە، نزیک بوو گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا هەڵبوەشێنەوە، بەڵام بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاشکرایان کرد کە ڕۆژی هەینی داهاتوو، دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عەممان بەڕێوە دەچێت. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە نۆ وڵاتی ناوچەکە داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کرد پاشەکشە لە گفتوگۆکان نەکات.