لە مۆسکۆ هەوڵی کوشتنی فەرماندەیەکی باڵای وەزارەتی بەرگریی رووسیا درا

سویتلانا پێترێنکۆ، گوتەبێژی لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا، رایگەیاند:  فەرماندەی باڵا ڤلادیمێر ئەلێکسیێڤ لە مۆسکۆی پایتەخت رووبەڕووی هەوڵێکی تیرۆرکردن بووەتەوە. 

ئێستا دەسەڵاتدارانی رووسیا دۆسێیەکی تاوانکارییان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە کردووەتەوە.
گوتەبێژی لیژنەی لێکۆڵینەوە ئاماژەی بەوە کرد، دۆسێیەکە لەژێر ناوی هەوڵی کوشتن و هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت تۆمار کراوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ناوچەی باکووری رۆژئاوای مۆسکۆ هێرش کرایە سەر فەرماندە ئەلێکسیێڤ، کە ئەفسەرێکی پلەباڵایە لە وەزارەتی بەرگریی رووسیا.

بەپێی زانیارییەکانی لێکۆڵەران، ئەمڕۆ هەینی 6ی شوباتی 2026، کەسێکی نەناسراو چەند فیشەکێکی بەو ئەفسەرەوە ناوە کاتێک لەناو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا بووە لەسەر رێگەی سەرەکیی ڤۆڵکۆلامسکۆ، دواتر هێرشبەرەکە لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە. 

ئەفسەرە بریندارەکە دەستبەجێ گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

ئێستا تیمەکانی بەڵگەی تاوان و پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری لە شوێنی رووداوەکە سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارین.

 پێترێنکۆ جەختی کردەوە، پشکنین بۆ تۆماری کامێراکانی چاودێری دەکرێت و گوتەی شایەتحاڵەکان وەردەگیرێت، هاوکات ئۆپەراسیۆنی گەڕان بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی ئەو کەس یان کەسانەی لە پشت ئەم هێرشەوەن، بەردەوامە.